نوچەنێت: تایبەت
پەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی شارۆچكەی ئەلقوش لارا یوسف زەرای هەڵبژارد بۆ بەڕێوەبەری شارۆچكەكە.
لارا یوسف زەرای خەڵكی شارۆچكەی ئەلقوشە و چالاکی مەدەنی کریستیانەکانە لە موسڵ؛ هەروەها تاكە ژنە ئەم پۆستەی لە مێژووی شارۆچكەكەدا وەرگرتووە.
لە تەمووزی ٢٠١٧دا ئەنجومەنی شارۆچكەی ئەلقوش بە تێكڕای دەنگ لارا یوسفیان بۆ پۆستەكە هەڵبژاردبوو لە شوێنی فائز جهوری، بەم دواییە پارێزگاری موسڵ هەوڵی گێرانەوەی جهوری دابوو بۆ پۆستەكەی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە موسڵ، رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە ٨-١٠-٢٠١٨، ئەنجومەنی شارۆچكەی ئەلقوش سەر بە دەشتی نەینەوا لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بۆ جارێكی تر لارا یوسف زەرای هەڵبژاردەوە بۆ بەڕێوەبەری شارۆچكەكە. هەروەها تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنەكە بەشدار بوونە و دەنگیان بۆ لارا داوە.
مەمۆزینی دەشڵێت، پێشتر فائز جهوری، بەڕێوەبەری پێشووی شارۆچكەكە لەلایەن نەوفەل عاكوب، پارێزگاری موسڵ رەوانەی شارۆچكەكە كرابووەوە بۆ ئەوەی وەكو بەڕێوەبەر دەستبەكار بێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەنجومەنی شارۆچكەكە، بەتێكڕای دەنگ لارایان هەڵبژاردەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە.