نوچەنێت
موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، شەش خاڵى وەک مەرج بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كرد.
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر، لە تویتێکدا ئەمڕۆ (شەممە ٦-١٠-٢٠١٨)، رایگەیاند: دەبێت سەرۆکوەزیران، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و سەرجەم پۆستە ئەمنییە هەستیارهكان تەنها بدرێتە دەستی خۆی و مافی هیچ حزب و کوتلەیەک نیە کەس کاندید بکات بۆ ئەو پۆستانە.
سهرۆكى هاوپهیمانى سائیرون، هۆكارى ئهو پهیامهى بۆ ئهوه دهگهڕێنێتهوه، كه سوپای عێراق و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیكه پێویستە تەنها لایەنگری وڵات بن نهك لایهنێكى دیاریكراو.
سەدر لەخاڵی دووەمدا باس لەوە دەکات، کە کاندیدکردنیان بۆ وەزارەتەکان قەدەغەکردووە، بۆئەوەی لە دەستی سەرۆک وەزیران بێت، نەك وەک پاداشتێک بۆ کوتلە و حزبەکان بێت و پشکپشێنەبێت، بەڵکو دەبێت لە دەست کەسە تەکنۆکراتە سەربەخۆکاندا بێت ئەگینا هەڵوێستیان دەبێت.
لە خاڵی سێیەمدا موقتەدا سەدر رایگەیاندووە”باقی پۆست و دەستە و پلەی وەزیفی کە لە پۆستى وهزارهت کەمتر نییە، پێویستە بەپێی بنەمای یاسایی و لۆژیکی راستبێت و شارهزایی رەچاوبكرێت و دووربێت لە حزب حزبینە.”
لە خاڵی چوارەمدا جەختى لەوە کردووەتهوه، کە دەرگای خۆکاندیدکردنی گشتیی بۆ خاوهن تایبەتمەندیییهكان بکرێتەوە بە مەرجێك کە هەیبەتی دەوڵەت بپارێزرێت و کار بۆ سەرخستنی کارەکان بکرێت.
به بڕواى سەدر هەندێک پۆستى هەستیار هەن کە بنەمای چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵین، دەبێت تەنها لە دەستی سەرۆکوەزیراندا بێت.
لەکۆتاییدا نوسیویەتی،”لیژنەی پەڕلەمانی مافی هەمووانە ئامۆژگاری دەکەم دابەشکردنی ئەو لیژنانە بهپێى بەرژەوەندی خەڵک بێت نهوەک حزب و تایفە یان نەتەوە رەچاوبکرێت.”