نوچەنێت
بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی لیستی پارتی، بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە. پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و جەماوەری پارتی کرد.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤-١٠-٢٠١٨، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی کوردستان، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنە بوو.
بەم بۆنەیەوە سەرۆک بارزانی، پەیامی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە 30ـی ئەیلوولی 2018 پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم و بەبۆنەی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی لە جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگر و هەموو ئەندام و لایەنگر و كادیر و هەوادارانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم. جێگەی خۆشحاڵییە كە هاووڵاتیان لە پڕۆسەیەكی دیموكراسیدا دەنگیان داوە و باشترین ڕێگەیش بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات سندووقەكانی دەنگدانە.
سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە، هۆشیاریی سیاسیی خەڵك پێش دەخات و كاریگەریشی دەبێت لەسەر بەرزتربوونی پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان. داوایش لە هەموو خەڵكی كوردستان و بە تایبەت جەماوەری پارتی دەكەم كە لە دەربڕینی خۆشیدا پابەندی بنەماكانی یاسا و ئاسوودەیی هاووڵاتیان بن و خۆیان لە تەقەكردن و كردەی ناشارستانی بپارێزن.
ڕەنگە زۆر كەس و لایەنی سیاسیی هەرێم ڕەخنە و تانە و تێبینیان لەسەر هەبوونی پێشێلكاری و سەرپێچی و ساختەكاری هەبێت كە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ئەنجام دراون. هەر بۆیە داوا لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی كوردستان دەكەم بەدواداچوونی ورد و جیددی بۆ سكاڵا و سەرپێچییەكان بكات و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە تێپەڕینی ساختەكاری و پێشێلكاری نەدرێت و ڕاستییەكان بخرێنەڕوو.