نوچەنێت: تایبەت
چالاکێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیەنێت، نابێ چاوەڕوانی ئەوەمان ھەبێ، کە لە دژایەتی دوو دەوڵەت لە گەڵ یەکتر یان چەند دەوڵەتێک دژی دەوڵەتێک، ئەنجامەکەی ببێتە هۆی رووخان.
لەگەڵ توندبوونەوەی گەمارۆکان بۆسەر ئێران و دابەزینی نرخی دراوی ئەو وڵاتە، ئابووری ئەو وڵاتەی توشی شەڵەژانێکی گەورە کردووە و شارەزایانی سیاسی وای دەبینن، بە درێژەکێشانی گەمارۆکان و بەردەوام بوونی ئێران لە دژایەتی وڵاتانی رۆژئاوا، هۆکارەکانی رووخانی بەرجەستە دەبن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر حامیدی، چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی دۆخی ئێستای ئێرانەوە رایگەیاند: پێوەندی نێوان دەوڵەتان پێوەندی خەڵک لە لایەک و دەوڵەت لە لایەکی دیکەوە نییە، کە پرسی شۆڕش و گۆڕانکاری تێدا بەدی بکرێ. ئەو پێوەندی یە دیپڵۆماتیک و بەرژەوەندی ھەڵگرە. بۆیە نابێ چاوەڕوانی ئەوەمان ھەبێ، کە لە دژایەتی دوو دەوڵەت لە گەڵ یەکتر یان چەند دەوڵەت دژی دەوڵەتێک ئاکامەکەی ببێتە رووخان، بەڵکە مەبەست و ئارەزوو گۆڕانی سیاسەت و دییتنەوەی خاڵی ھاوبەش و پێکھاتنە.
جەعفەر حامیدی دەڵێت، ئێستا شێمانەی رووخانی ئێران ناکرێ، ئەگەر ئێران درێژە بە بیری داگیرکاری و تێرۆریستی خۆی بدا و مەترسی زیاتر بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا و وڵاتان بخوڵقێنێ، رەنگە بەربەست بۆ دژایەتی دیپڵۆماتیک پێک بێ و شەڕ رووبدا.
لەبارەی دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەوە حامیدی گوتی “ئابووری ئێران جۆرێک دامەزراوە، کە لە گەڵ سیستم و نۆڕمی ئابووری جیھانی زۆر یەکانگیر نییە؛ پڕۆژەی بچووک و قەرزی بچووک پێناسەی ئابووری ئێرانە. لە ئێراندا کارخانە و شیرکەتی گەورە و زەبەلاح وەک ئەوە لە وڵاتی پێشکەوتوو دەیبینین بە ژمارە کەمە و بەرچاو نییە. جیا لەوە دەستگا نیزامی و دەستوپێوەندە دەوڵەتییەکانی رێژیم ئەو کەمە کارخانە و شیرکەتەشیان لە کۆنتڕۆڵ دایە.