نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە دوای هاتنی داعش رەوشی سوننە بە شێوەیەکی گشتی تێکچووە. دەشڵێت “هەموو روویەکەوە سوننە توشی شکست بووە”.
سوننەکان بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگاکانیان لە لایەن داعشەوە، کاریگەری ریشەیی داناوە لەسەر ژێرخانی ئابوورییان، ئەمنی و ئاوەدانییەوە، تابئێستاش دەستنەکراوە بە ئاوەدانکردنەوەی، بۆیە سوننەکان لە رەوشێکی خراپدان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسن عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی رەوشی سوننە لەم وڵاتەدا رایگەیاند: لە دوای هاتنی داعش رەوشی سوننە بە شێوەیەکی گشتی تێکچووە، هەم لە رووی ژێرخانی ئابوورییەوە و هەم لە رووی کەمبوونەوەی پیاو، چ ئەوانەی لەگەڵ داعش بوون و چ ئەوانەی لەگەڵ سوپا بوون. بەشێکی زریان کوژران، و ئەوانەشی کەوتوونەتە زیندان یان چونەتە سوریا، کە ئەمەش زیان و زەربەیەکی زۆر گەورەیە لە پێکهاتەی سوننە.
موحسن عوسمان دەڵێت، سوننە تاوانباریش دەکرێن بەوەی، کە پشتگیری داعش دەکەن، بۆیە لە هەموو روویەکەوە سوننە توشی شکست بووە.
لەبارەی دابەشبوونی عێراق موحسن عوسمان گوتی “دابەش بوونی عێراق واتە کەرت بوونی ئەمریکا و ئێران. هەروەها عێراق خاڵێکی گرنگە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت ئێران و تورکیا، بۆیە یرواناکەم عێراق دابەش ببێت. مەگەر ئەوەی سیناریۆیەکی بەهێزی ئەمریکی هەبێ، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێک گۆڕانکاری بکرێت.