نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی لە بەغدا رایدەگەیەنێت، لە گەڵ کوتلەکانی شیعە و سوننە پەیوەندییەکانیان بە باشی بەرەوپێش دەڕوات. دەشڵێت “کاندیدی پارتی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت”.
پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کە پشکی کوردە، لە رۆژانی داهاتوو هەڵبژاردنی بۆ دەکرێت، بڕیار بۆ پارتی و یەکێتی یەک کاندیدیان هەبێ، بەڵام بەجیا کاندیدیان بۆ دیاری کردووە. بە گوێرەی قسەی شارەزایان، چانسی پارتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەهێز ترە. هەروەها کاندیدی پارتی فوئاد حوسێن ـە و کاندیدی یەکێتی بەرهەم ساڵح ـە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرهەم ساڵح، بەمەبەستی کاندیدکردنی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، وازی لە سەرکردایەتی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری هێنا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەیادە نەجاڕ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی پرسی پۆستی سەرۆککۆمار، رایگەیاند: ئەو پۆستە لە هەڵبژاردن یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا پارتی لە گەڵ کوتلەکانی شیعە و سوننە پەیوەندییەکانی بە باشی بەرەوپێش دەڕوات، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی کاندیدەکەمان دەبێ.
مەیادە نەجاڕ دەشڵێت، کاندیدی پارتی (فوئاد حوسێن) لە بەغدایە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی خۆی ناساند و بڕیارە سەردانی لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا بکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە دا، کە پارتی بە هەموو توانایەوە کار بۆ کاندیدی خۆی دەکات. گوتیشی “لایەنی شیعە و سوننە لە عێراق، لەگەڵ ئەو لایەن رێکدەکەون، کە خاوەن پرسی کورد بێت و بەهێزترین بێت، بۆیە چانسی پارتی لە حزبەکانی تر زۆر زیاترە.