نوچەنێت: ئاژانسەکان
ئەمڕۆ شەممە ٢٢-٩-٢٠١٨، حزبی میللی (الاحوازیە) بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک، هێرشی چەکداریی بۆ سەر نمایشی سەربازیی ئەمڕۆی سوپای پاسدارانی لە ئەهواز، ناوەندی پارێزگای خوزستان، گرتە ئەستۆ.
پارێزگای خوزستان، پێکهاتەی عەرەبی تێدا نیشتەجێیە و بە گوتەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەو ناوچەیە، لەلایەن ئێرانەوە هەڵاواردنی سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و فەرهەنگی بەسەریاندا سەپێندراوە و نزیکەی دوو دەیەیە زیاتر لە سەدان کەسیان لێ کوژراوە، یان لە گرتووخانەکانی ئێرانن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی “الاحوازیە” “ئەندامەکانیان ئەمڕۆ توانیویانە هێرش بکەنە سەر ڕێوڕەسمێکی نمایشی سەربازی لە شاری ئەهواز و بە سەرکەوتوانە وەسفی کردووە”.
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، لە هێرشێکدا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر ڕێوڕەسم و نمایشی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەناو شاری ئەهواز، لە پارێزگای خوزستان، ١٠ چەکداری سوپای پاسداران کوژراون، کە یەکیان فەرماندە و زیاتر لە ٢١ چەکداری دیکەش بریندرا بوون”.
سەرچاوەکانی سوپای پاسداران ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هێرشبەرەکان چوار کەس بوون، کە جلوبەرگی سەربازییان لەبەر بووە و دوو کەسیان کوژراون و یەکیشیان بە برینداری دەستگیر کراوە.
حزبی میللی ئەلئەحواز، کە زیاتر لە یەک دەیەیە پێکهاتووە لەلایەن عەرەبەکانی پارێزگای خوزستانەوە دامەزراوە و دژبەری حکومەتی ئێرانە و داوای مافی چارەنووسی عەرەبەکای دانیشتووی ئێران دەکەن.