ئەمریکا، باس لە هێرشەکەی سەر حزبی دیموکرات دەکات

0

نوچەنێت

باڵیۆزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، وێڕای ڕەخنەگرتنی جددی لە کردەوە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی، هێرشە موشەکییەکەی هەفتەی رابردووی ئەم وڵاتەی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی دیموکرات، لە قەزای کۆیە مەحکوم کرد.

نیکی هیلی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوا دانیشتنی شورای ئەمنیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە،٢١ی سێبتەمبەر بەڕێوە چوو، بە تووندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هۆشداری جددی دایە هەموو ئەندامانی شورا.

هێلی، سەرەتا باسی لەوە کرد کە هیچ ڕژیم و وڵاتێک بە ئەندازەی کۆماری ئیسلامی، سەرچاوەی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکان نییە لە جیهاندا. نیزیکەی ٤٠ ساڵە ڕێژیمی ئێران یاساکان پێشێل دەکات و لە دەرەوەی یاسا چالاکی دەکات. ئیمکانی نییە ئاژاوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بووبێت و شوێنپێکانی ئێرانی تێدا نەدۆزیتەوە.

بەوتەی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران، پشتیوانی لەو دیکتاتۆرانە کردووە کە دژی خەڵکی خۆیان کەڵکیان لە چەکی کۆمەڵکوژ و کیمیایی وەرگرتووە. تاران چەک و تەقەمەنی بە میلیشیاکان دەدات و تیرۆریستەکان پڕچەک دەکات و پارەیان پێدەدات تا ناوچەکە بشێوێنن.

له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هیلی دەڵێت، کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا سەروەریی وڵاتانانی دراوسێی خۆی پێشێل کردووە. لە لوبنان و سوریا و یەمەن و عێراق، وەک نمونە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا نیکی هێلی دەڵێت، لە مانگەکانی رابردوودا ئێران دەستدرێژییەکانی خۆی بۆسەر خاکی عێراق زیاتر کردوە و، بە ئاشکرا هێزە تایبەتییەکانی بە پارە و چەک و تەقەمەنی تەیار کردووە.  بەردەوام هەوڵی لاواز کردنی عێراقی داوە، تاکو چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆی لەوێدا پەرە پێبدات. لە دوایین نمووشەدا و دوای بەزاندنی سنورەکانی عێراق، هێرشی موشەکی کردە سەر رێبەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە ئەم چەشنە کارە تێکدەرانە مەحکومە و جێگەی قبوڵ کردن نییە.

قسەکانی نیکی هیلی، تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێنە ئاراوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە بارودۆخی تێرۆریزم، کۆماری ئیسلامی وەک سەرەکیترین پشتیوان و پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهان ناساند..

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com