نوچەنێت
ئەمڕۆ هەینی ٧-٩-٢٠١٨، سەرۆکانی هەر سێ وڵات، روسیا، ئێران و تورکیا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، %٩٠ی خاکی سوریا کۆنترۆڵکراوەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو وڵاتە گروپی تیرۆرستی تێدایە و تیرۆرستان دەیانەوێ لە شەڕی ئیدلب کیمیایی بەکاربێنن.
پوتین گوتیشی “داهاتووی سوریا لەلایەن خەڵکەکەیەوە دیاریدەکرێت و پێویستە ئاشتی بۆ سوریا بگەڕێتەوە”.
حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران، لە گوتارەکەیدا گوتی: “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئامانجی سەرەکیمانە بەڵام لە ئۆپەراسیۆنی ئیدلب نابێت خەڵکی مەدەنی ببنە قوربانی”.
لەلایەکی دیکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان بەپێویستی دەزانێت ئاوارەکانی سوریا بگەڕێنەوە و لەهەمانکاتدا ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ گروپە تیرۆرستییەکان لە سوریا گواستووەتەوە.
ئەردۆغان ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی ئیدلب کرد و گوتی “نامانەوێت لە ئیدلب کارەساتی مرۆیی رووبدات”.
راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە:
1- رەزامەندی خۆیان لە دەستکەوتەکانی ئاستانە لە مانگی ١ی ٢٠١٧ بەتایبەت بەرەوپێشچوونەکان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی لە سەرانسەری وڵاتی سوریا و هەروەها یارمەتیدان بە ئاشتی و ئەمنیەت و سەقامگیری لەو وڵاتە دەربڕی.
2- پابەندی بەهێز و بەردەوامی خۆیان بە سەروەریی، سەربەخۆیی، یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و هەروەها ئامانجەکان و بنەماکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دووپاتکردەوە و رایانگەیاند، ئەو بنەمایانە دەبێت لەلایەن هەمووانەوە رێزیان لێبگیرێت. سەرۆک کۆماری هەرسێ وڵات دووپاتیانکردەوە کە هیچ هەنگاوێک نابێت ئەو بنەمایانە سست بکات.
ئەوان هەموو هەوڵەکانی خۆیان بەمەبەستی دروستکردنی راستییە نوێیەکان لە گۆڕەپانەکە بەبیانووی دژایەتی تیرۆر رەتدەکەنەوە و ئیرادەی خۆیان بۆ راوەستان لەبەرامبەر خواستی دابەشکارانە بەمەبەستی بێهێزکردنی دەسەڵات و یەکپارچەیی خاکی سووریا و هەروەها ئاسایشی نیشتمانی وڵاتانی دراوسێ دەربڕی.