نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، گیان لەدەستدانی پێشمەرگەیەكی (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران)ی لە بارەگای كۆمەڵەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند. کادرێکی ئەو حزبەش رووداوەکە پشتڕاست دەکاتەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، یەکێک لە پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانە و لەگەڵ دوو لایەنی دیکەی کۆمەڵە بارەگا و مەقەڕەکانیان لە گوندی زڕگوێزەڵەیە لە سنووری سلێمانی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، کادرێکی کۆمەڵەی ئێران، نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، کوژرانی پێشمەرگەیەکیان، رایگەیاند: بەداخەوە پێشمەرگەیەک، کە بە ماوەیەکی کەمە بە ریزەکانمان پەیوەست بووە، شەوی رابردوو بە فیشەک خۆی کوشتووە.
ئەو سەرچاوەیە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی ئێران دەشڵێت، پێشمەرگەكە ناوی (پ.ع.د)ە و تەمەنی 26 ساڵە و هێشتا بەتەواوی هۆکاری رووداوەکە دیارنییە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین.