نوچەنێت: ئاژانسەکان
لە بەیاننامەیەکدا ژمارەیەک میلیشیای حەشدی شەعبی هەڕەشەیەکی توند بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق، دەنێرن.
لە بەیاننامەیەکدا، کە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەو میلیشیایانە رایانگەیاندووە، کە ”داگیرکاریی ئینگڵۆ- ئەمریکی و سعودی – زایۆنی) هەوڵ دەدەن خۆیان بەسەر ئیرادەی عێراقییەکان بسەپێنن و حکومەتێک دروست بکەن، کە بە فەرمانی سعودیە و ئەمریکا بجوڵێت.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیاندا هاتووە، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە، کە بۆ هاوکاریی هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش چوونەتە وڵاتەکە، بە ناشەرعی دادەنێن. دەڵێن، “ئارامگرتنی حەشدی شەعبی سنووری خۆی هەیە و ئەگەر لەوە زیاتر بمێننەوە، ئەوا وەک هیزی داگیرکەر سەیریان دەکەین و مافی خۆمانە بە هەر جۆرێک بێ لە وڵاتەکەمان دەریان بکەین“.
حەشدی شەعبی لە بەیاننامەکە، هۆشداریان داوەتە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، کە لە ئەنجامدانی ”رێکاری نابەرپرسانە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو جومگەکانی دەوڵەت“ و رایگەیاندووە، حەشدی شەعبی بێ وەڵام نابێ.
ناوی ئەو میلیشیایانەی بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە:
– رێکخراوی بەدر
– بزووتنەوەی جیهاد و بینا
– عەسایب ئەهلولحەق
– کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا
– بزووتنەوەی جوندولئیمام
– بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا
– سەرایا عاشورا
– سەرایا ئەنساڕ ئەلعەقیدە
– سەرایا خوڕاسانی
– کەتائیب ئیمام علی


