نوچەنێت
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٣-٩-٢٠١٨، سەرچاوە ئەمنی و میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی هێرشی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە گوندێکی سەر بە شارەدێی (یایچی) لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک، حەوت هاوڵاتی سڤیل کوژراون.
هێرشی ناوبەناوی چەکدارانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بەردەوامە و بەپێی دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردووی زایینی بەهۆی تەقینەوە و توندوتیژی و ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکداری، نزیکەی ٢١٠ کەس بوونەتە قوربانی.
ماڵپەڕی (شەفەقنیوز) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە هێرشەکەی چەکدارانی تیرۆریستی داعش بۆ سەر گوندی “ئەلبوشاهر” لە نزیک شارەدێی (یایچی) لە ١٢ کیلۆمەتریی باشووری ڕۆژئاوای کەرکوک بووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، لە رووداوەکە حەوت هاوڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی و هاوکات پۆلیسێکی عێراقی کوژراوە و چەکدارانی داعش پاش رووداوەکە هەڵاتوون.