نوچەنێت-یۆرۆ نیوز
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، دوابەدوای کۆبوونەوەی گروپە راست و توندڕەوەکانی ئەم وڵاتە و خۆپێشاندانی دژبەرانی ئەم لایەنانە لە شاری کمنیتس، داوای لە هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە کردووە، کە بەرگری لە دیموکراسی بکەن و بەرەنگاری گروپە رەگەزپەرەستەکان ببنەوە.
هایکۆ ماس، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەڵمانیا، پشتگیری خۆی بۆ سیاسەتی ئێستای وڵاتەکەی بەرامبەر بە کۆچبەران و پەنابەران خستۆتەڕوو و دەشڵێت: شەڕی دووەمی جیهانی، ٧٩ ساڵ بەر لە ئێستا دەستیپێکرد و ئەڵمانیا خەسار و زیانێکی زۆری بەرکەوت. ئەگەر بۆ جارێکی دیکە خەڵک بێنە سەرشەقام و بە لایەنگری لە هیتلەر خۆپێشاندان رێکبخەن، مێژوو و رابردوو پێمان دەڵێت “دەبێ بەرگری لە دیموکراسی بکەین و بەرەوڕووی سیاسەتی رەگەزپەرەستانە ببینەوە”.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی بیڵد تسایتۆنگ، سەبارەت بە گروپە توندڕەوەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت “نابێ بێ هەڵوێست بین و دەبێ بەرەنگاری رەگەزپەرەستی ببینەوە”.