نوچەنێت
هاوپەیمانی فەتح بڕیارەکەی عەبادی سەبارەت بە دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستە حكومییەكانی بە نایاسایی و سەرپێچی دەستوور ئەژماركرد و پێیوایە دەستپێشخەرییەكی ترسناكە.
لە كانوونی دووەمی ٢٠١١ فالح فەیاز، لەلایەن نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشوو بە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی دامەزرێندرا. دواتر رۆژی پێنجشەممە ٣٠-٨-٢٠١٨، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیازی لە پۆستە حكومییەكانی دەركرد.
هاوپەیمانی فەتح، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند “دەركردنی بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیاز لەسەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، دەستپێشخەرییەكی ترسناكە بۆ تێكەڵكردنی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان، لە نێو ململانێ سیاسییەكان و كێشە كەسییەكان”.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەهیچ شێوەیەك جێگای قبوڵكردن نییە، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆكی ماوە بەسەرچوو بڕیاری دوورخستنەوەی بەرپرسێكی ئەمنی باڵا دەربكات، كە سەرپەرشتی گرنگترین دەزگای ئەمنی دەكات، چونكە پێیوایە ویلایەتی دووەمی عەبادی هیچ بەرژەوەندیەكی تێدانییە، ئەمەش نیشانەیەكی نوێیە لەسەر ئەوەی عەبادی وایلێهاتوە بەپێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و دەزگاكانی دیكەی دەوڵەت دەكات و ویلایەتی دووەمی كردوەتە مەرجی مانەوەی بەرپرسان لە پۆستەكانیان.
هەروەها دەشڵێت، ئەم بڕیارانە بەپێی دەستوور نایاسایین، بەو پێیەی فالح فەیاز ئەو پۆستانە بەڕێوەدەبات كە پلەی وەزیریان هەیە و هاوشێوەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆن، هەروەها ئەو رێكارانەش بڕیاری كەسین و رەوشی ئەمنی ئاڵۆزتردەكەن.
هاوکات نووسینگەی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بڕیاری دووخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستەكەی كارتی دانوستاندنەكانی هاوپەیمانی نەسر لاواز دەكات.
ئەمڕۆ هەینی ٣١-٨-٢٠١٨، هیشام رووكابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە تویتێكیدا گوتی “دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستە حكومییەكانی رەنگدانەوەی پێچیەوانەی لەسەر نەسر دەبێت، هەروەها كارتی دانوستاندنەكانی نەسر لە چوارچێوەی دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لاواز دەكات.
