نوچەنێت
دوێنێ پێنجشەممە کچێک لە سنووری راپەڕین خۆی سووتاندووە و بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی ٤٠٨ کەسێک بەھۆی ڕووداوەکە دەستگیر کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھەینی ٢٤-٨-٢٠١٨، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردەوە و تێیدا ھاتووە “ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣-٨-٢٠١٨، کچێک بە ناوی (پ، ح، ئ) لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢، پیشەی قوتابی، دانیشتووی گەڕەکی “ئیمام قاسم”ی قەڵادزێ، لە ماڵەکەی خۆیدا بە نەوت خۆی سووتاند، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ، کە بەپێی ڕاپۆرتی نەخۆشخانە ڕێژەی سووتانەکەی ٧٠% بووە، بەھۆی سەختیی برینەکەیەوە، بەڕێکراوە بۆ سلێمانی”.
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش کردووە “بە گوتەی خۆی بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی خۆی سووتاندووە، دوای لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری خۆسووتاندنەکەی، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی ٤٠٨ کەسێک بەھۆی ڕووداوەکە دەستگیر کرا”.
باس لەوەش کراوە “کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەشەوی ئەمڕۆ ھەینی، کچەکە بەھۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە”.