نوچەنێت-ئاژانسەکان
جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی دیدار و چاپێکەوتنیان لە شاری ئۆرشەلیم، جەختیان لە سەر مەترسیداربوونی بەرنامەی موشەکی و ئەتۆمی ئێران کردەوە.
بنیامین نەتانیاهۆ، لە دەستپێکی چاوپێکەوتنی لە گەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بۆڵتۆنی بە لایەنگری هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەسف کرد و سەردانەکەی ناوبراوی بۆ ئیسرائیل بەرز نرخاند.
نەتانیاهۆ لە بارەی سەردانەکەی بۆڵتۆن بۆ ئیسرائیل گوتی: سەردانەکەی ئێوە هاوکاتە لە گەل بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی واشنتۆن بۆ ئۆرشەلیم؛ هەروەها کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران.
دوو لایەن لەم دیدارەدا سەبارەت بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی ناوچەیی ئێران و دەستوەردانەکانی و هەروەها رێگریکردنی تاران بۆ دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی گفتوگۆیان کرد.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکی ئێرانی بە هەڕەشە و مەترسیەکی گەورە بۆ سەر واشنتۆن و تەل ئەبیب وەسف کردووە.