نوچەنێت: تایبەت
لایەنەکانی سائیروون، حیکمە، نەسر و وەتەنییە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیان رانەگەیاند. پەرلەمانتارێکی خولی پێشووش دەڵێت “ئەمجورە هاوپەیمانییە دووبارە بوونەوەی رابردووە لە ئاستێکی لاوازدا و کوردیش دەبێ یەک گوتار بێ”.
هەریەکە لە “هاوپەیمانی سائیروون” بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، “هاوپەیمانی نەسر”ی حەیدەر عەبادی، “رەوتی حیکمە” بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، “هاوپەیمانی وەتەنییە”ی ئەیاد عەللاوی کۆبوونەوە و بڕیاربوو گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی رابگەیێنن.
هەروەها کۆبوونەوە ئەو چوار لایەنە لە بەغدا، هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی میحوەری وەتەنی، کە بریتین لە لایەنە سوننییەکان لەگەڵ پارتی و یەکێتی لە هەولێر.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسین عوسمان، پەرلەمانتاری خولی پێشووی عێراق، لەبارەی راگەیاندنی گەورەترین هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، رایگەیاند: لە داوی کەوتنی سەدام و دروستبوونی حکومەتی نوێ، تاکو ئێستا بەشێوەیەکی پراکتیکی شیعە حوکمی عێراق دەکات، بویە بۆ هەموو لایەک سەلمێندرا، کە شیعە لە حکومڕانی سەرکەوتوو نەبوون.
موحسین عوسمان دەشڵێت، لە بنەمادا ئەو عەقڵە ناتوانێ ئیدارەی عێراق بدات، کە پڕکێشەیە لە رووی دارایی، ئایینی، ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ناتوانێ بەڕێوەی ببات. هەروەها بە گشتی دەسەڵاتی مەزهەبی لە دنیادا ناتوانێ بە شێوەی تەندروست حکومڕانی بکات. گوتیشی “ئەمجۆرە هاوپەیمانییەش، کە بڕیارە بکرێ، دووبارە بوونەوەی رابردووە لە ئاستێکی لاوازدا. چونکە پەرلەمانیش خول لە دوای خول لاوازتر بووە.
ناوبراو جەختیش دەکاتەوە لەوەی، کە ئەم خولەی پەرلەمان لاوازتر دەبێ لە خولەکانی پێشتر، چونکە پێکهاتەی سیاسی عیراقی لەو ئاراستەدا دەچی، کە عێراق زیاتر بەرەو پرشوبڵاوی و لاوازی دەبات. گوتیشی “عێراق لە نێوان وڵاتانی تورکیا، سعودیە، ئەمریکا، ئێران و روسیادا دابەشبووە.
لەبارەی هەڵوێستی کورد لەو دۆخەی عێراق موحسین عوسمان گوتی “کورد پێوستە ناوماڵی خۆی رێکبخات و یەک هەڵوێست لە بەرانبەر هەر لایەن و وڵاتێدا. ئەگەر بەیەک گوتار و خاڵی هاوبەش هەبێ، کە بەرگری کێشەی کورد و شەقامی کورد بکات، تەنیا چارەسەرە”.