نوچەنێت-ئاسۆشیتێدپرێس
هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرکردەی تاڵیبان، وەک کاردانەوەی بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیوەست بە هەوڵەکانی ئەم رێکخراوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و دانوستان لە گەڵ ئەمریکا و دەوڵەتی ئەفغانستان، جەخت دەکاتەوە هەر جۆرە گفتوگۆیەک لە گەڵ واشنتۆن رەتدەکەنەوە .
سەرکردەی تاڵیبان هەروەها دەڵێت، دانوستان و گفتوگۆ لە گەڵ داگیرکەران هیچ مانایەکی نییە.
ئاخوندزادە، کە بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربان پەیامێکی دەنگی بڵاو کردۆتەوە، دەشڵێت: پێداگری لە سەر ئامانجە ئیسلامیەکان دەکەین و هەر جۆرە وتووێژێک لە گەڵ ئەمریکا رەتدەکەینەوە.
سەرۆکی تاڵیبان هەروەها دەڵێت، تەنها بە رێگەی شەڕ و بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ داگیرکاران، کۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان دەهێنین.
ئەم لێدوانەی ئاخوندزادە لە کاتێکدایە، کە مانگی رابردوو هەواڵی دیدار و گفتوگۆی شاندێکی تاڵیبان لە گەڵ جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری باشوری ئاسیا، لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بڵاو ببووەوە.
ئەم دیدارە، بە یەکەمین دیدار و گفتوگۆی راستەوخۆی تاڵیبان لە گەڵ ئەمریکا، هەژمار دەکرێت.