نوچەنێت-شەرقولئەوسەت
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە بابەتێکدا نووسیویەتی، لێدوانەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بارەی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دوا هیواکانی ناوبراوی بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوبردووە.
شەرقولئەوسەت بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری سیاسی نووسیویەتی: لێدوانەکانی رۆژانی رابردووی عەبادی لەبارەی پابەندبوونی عێراق بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دوا چانسەکانی ناوبراوی بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتەی لەناوبردووە.
رۆژنامەکە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی سەرچاوەکەی بدات، هەروەها نووسیویەتی “عەبادی بەر لەم لێدوانەی، پێگەیەکی باشتری هەبوو، سەرباری ئەوەی، کە لە ماوەی سەرۆکوەزیرانی خۆیدا بۆچوونی و روانگەی سەربەخۆی هەبوو، بەڵام هیچ کات پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ ئێرانیەکان تێک نەدا. ئەم لێدوانەی عەبادی، ناکرێ وەک هەڵەیەکی زمانی تەعبیر بکرێت، بەڵکوو لە جۆری خۆیدا کارەساتە بۆ ناوبراو.
رۆژنامەکە هەروەها لێدوانەکانی عەبادی بەوە دەشوبهێنی، کە ناوبراو لە پشتەوە بە خەنجەر لە ئێرانیەکانی داوە و پێناچێ ئێڕانیەکان لێی خۆش بن.