نوچەنێت
دوای بەرزبوونەوەی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بەهای دراوی تورکی دووبارە دابەزییەوە.
دابەزینەکە دوای توندتربوونی لێدوانەکانی بەرپرسانی هەردوو وڵاتە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاـس رایگەیاندووە: ئێمە هەر وا دانانیشین. ئەوان ناتوانن خەڵکی ئێمە بگرن، بۆیە دەبینن، کە چی روودەدات.
ئێوارەی رۆژی هەینی ١٧ی مانگ، بەهای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ٦٠١ لیرە بوو، لە کاتێکدا، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو، لە زیاتر لە ٧٠٠ لیرەوە دابەزی بۆ ٥٨٨ لیرە.
دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.
قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار.
هەروەها دوێنێ ترەمپ رایگەیاند “بە بۆچوونی من تورکیا زۆر زۆر بە خراپی رەفتاریکردووە، بۆیە ئێمە دوایەمینیمان نەبینیوە. ئێمە هەر وا دانانیشین. ئەوان ناتوانن خەڵکی ئێمە بگرن، بۆیە دەبینن، کە چی روودەدات”.