نوچەنێت: تایبەت
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمى كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ ئاسانكارى هاتنى ڕێژه‌یه‌كى بەرزتری گه‌شتیارانی عەرەب بۆ سه‌یرانگاكانی كوردستان، له ڕۆژانى جه‌ژنى قورباندا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك و بریكارێك له گه‌شتیارانی عێراقی وه‌رناگیرێ.
لەبۆنە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، وەک جەژنەکان و سەری ساڵی میلادی و نەورۆز، گەشتیارێکی زۆر روو لە سەیرانگاکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، شارەزایانی ئەو بوارە پێیوانوایە، بۆیە پێویستە حکومەت لەو بارەیەوە بە رێنمایی و بڕیار ئاسانکاری بۆ گەشتیاران بکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نادر ڕۆستی، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزار لەبارەی بڕیاری حکومەت بۆ گەشتیاران ڕاگه‌یاند: له گرنگترین ئه‌و بڕیارانه‌ى بۆ گه‌شتكردنى جه‌ژنى قوربانى ئه‌مساڵ ده‌رچووه، ئه‌وه‌یه نابێ بازگه‌كان بریكار له‌و گه‌شتیاره عه‌ره‌بانه وه‌ربگرن، كه له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقه‌وه دێنه ناوچه گه‌شتیارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، چونكه فشار و قه‌ره‌باڵغى دروست ده‌بێ، ئه‌و گه‌شتیارانه‌ش، كه له ڕێگەى كۆمپانیاكانه‌وه دێن هه‌موو مه‌رجه‌كان و ڕێنماییه‌كانیان تێدا جێبه‌جێ كراوه.
نادر رۆستى دەڵێت، هاوكات له بازگه‌كان هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له گه‌شتیارانى عه‌ره‌ب و گه‌شتیارانى دیكه له به‌رامبه‌ر هاتنیان بۆ ناوچه گه‌شتیارییه‌كان وه‌رناگیردرێ.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار ئاماژەی بەوەدا، كه گه‌شتیاران تا دوو هه‌فته ده‌توانن بمێننه‌وه و ئه‌گه‌ر له‌و واده‌یه زیاتر بێت، ئه‌وا پێویسته كارتی مانه‌وه له شوێنى تایبه‌ت و په‌یوه‌ندیدار درێژ بكه‌نه‌وه.