یەکێتی بۆ پارتی: پێکەوە هەوڵ بۆ ئامانجە نەتەوەییەکان بدەین

0

نوچەنێت

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوو پەیامی جیاوازدا مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و کۆسرەت رەسول، جێگری سکرتێری گشتی ئەو حیزبە وێڕای پیرۆزبایی لە ساڵیادی دامەزردانی پارتی، دەڵێن “قۆناغەکە ئەوە دەخوازنێ پێکەوە هەوڵ بۆ ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بدەن”.

لە پەیامەکەی مه‌كته‌بی سیاسی یەکێتی-دا هاتووە “كۆی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ‌هەتا هه‌نوكه‌ش، به‌ری خه‌باتی هاوبه‌شمانن. دیاره‌ هێشتا مێژوو ئه‌ركی گه‌وره‌ی خستووەته‌ ئه‌ستۆمان. جەختدەکەینەوە بە ئه‌زموون وه‌رگرتن له‌ته‌واوی ئه‌زموونه‌كانمان، ئاماده‌ی درێژه‌پێدانی خه‌باتی هاوبه‌شین له‌عێراق ‌و كوردستان‌ و ناوچه‌كه‌شدا”.

کۆسرەت رەسول، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامەکەیدا دەڵێت “پارتی هاوشانی حیزبەكانی دیکە یەكێكە لە حیزبە سەرەكییەكانی حوكمڕان لە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەركە لەسەر هەموومان هاوكار و پشتیوان بین تاوەکو حوكمڕانییەكی باشتر پێشكەشی هاوڵاتیانی خۆمان بكەین و بەیەكەوە هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بدەین”.

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:

جه‌نابی مه‌سعود بارزانی –  سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
به‌رێزان/ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی پارتی
سڵاوی هاوخه‌باتی گه‌رم..

خۆشحاڵین، به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، به‌بۆنه‌ی (٧٢) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارته‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان، پیرۆزبایی گه‌رمتان لێبكه‌ین.

(٧٢) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌هه‌لومه‌رجی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ باشتر رێكخستن‌و رابه‌رایه‌تیكردنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردایه‌تی، له‌سایه‌ی كۆماره‌ به‌كۆرپه‌یی روخێندراوه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، دامه‌زراو له‌و قۆناغه‌داو، له‌مێژووی نوێی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، هه‌تا شۆڕشی ئه‌یلول، پارتی رۆڵێكی مێژوویی گێڕا. له‌دوای خیانه‌تنامه‌ی جه‌زائیرو به‌رپابونه‌وه‌ی شۆڕشی نوێشدا، سه‌ره‌ڕای دۆخی دژواری شۆڕشه‌كه‌و دۆخه‌كه‌، دیسان، پارتی رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو.

له‌دوای دامه‌زراندنی به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه‌، په‌یوه‌ندی یه‌كێتی‌و پارتی، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كانی تری كوردستانی، گوێزرایه‌وه‌ بۆ قۆناغی به‌رپرسیارێتی رزگاری‌و دیموكراسی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش. سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی راپه‌ڕین‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێم بوو. پاشان، گه‌وهه‌ری ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌، گه‌یه‌ندرایه‌ ستراتیژی روخاندنی سه‌دام‌و ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییه‌كان دوای ئه‌وه‌، له‌پێشه‌وه‌دا، ده‌سته‌به‌ركردنی فیدراڵ له‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا.

كۆی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌تا هه‌نوكه‌ش، به‌ری خه‌باتی هاوبه‌شمانن. دیاره‌ هێشتا مێژوو ئه‌ركی گه‌وره‌ی خستۆته‌ ئه‌ستۆمان..

یه‌كێتی، ئه‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌تان به‌ هه‌ل ده‌زانێ‌. جه‌خت بكاته‌وه‌ كه‌وا:

به‌ ئه‌زمون وه‌رگرتن، له‌ته‌واوی ئه‌زمونه‌كانمان، ئاماده‌ی درێژه‌پێدانی خه‌باتی هاوبه‌شین له‌عێراق‌و كوردستان‌و ناوچه‌كه‌شدا. به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی، هه‌ردوولامان، ماف‌و ئه‌ركه‌كانمان بزانین‌و هاوسه‌نگی دابینكردنی مافه‌كان‌و راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان، له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، بهێنینه‌دی.
به‌رێزینه‌!

هێشتا رێی خه‌باتمان دورودرێژه‌. هێشتا رێڕه‌وی هاوبه‌شمان پڕ له‌ كه‌ندو كۆسپه‌. بۆیه‌ ئه‌ركمانه‌، یه‌كڕیزیی ماڵی كوردستان ببوژێنینه‌وه‌و حكومه‌تی كوردستان كاراتر بكه‌ینه‌وه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، له‌پێشه‌وه‌دا، گۆڕانكاری له‌سیسته‌می حوكمڕانی‌و سه‌روه‌ری یاساو ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی. بۆئه‌وه‌ی، به‌م یه‌كڕیزییه‌و به‌حكومه‌تێكی به‌هێزو به‌دڵنیایی سیاسیه‌وه‌، به‌شداری كاریگه‌ر له‌پێكه‌وه‌نانی حكومه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنی عێراق بكه‌ین‌و ئه‌مجاره‌، به‌كرده‌وه‌، حكومه‌تی عێراق، پابه‌ندی ده‌ستورو پشكی راسته‌قینه‌ی كورد بێ‌، له‌پێشه‌وه‌دا، مافی ئابوری‌و مافه‌كانی پێشمه‌رگه‌و رێسای نوێی نه‌وت‌و گاز‌و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (١٤٠).
خوشك‌و برایان!

یادی پارتیتان پیرۆز بێ‌. گیانی پاكی شه‌هیدانتان له‌گه‌ڵ تێكڕای شه‌هیدانی كوردستان، ئاسوده‌ بن. ئاڵای چاره‌ی خۆنوسینمان هه‌ر شه‌كاوه‌ بێ‌.

له‌گه‌ڵ رێزی
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
١٦ی ئابی/ ٢٠١٨

دەقی پەیامەکەی كۆسرەت رەسول عەلی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێز: كاك مەسعود بارزانی
بەڕێزان: ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

لە ١٦ی ئاب، ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، پیرۆزبایی گەرمی خۆمتان ئاراستە دەكەم و ئومێدەوارم بەردەوام بن لە خزمەتكردن.

روون و ئاشكرایە كە دوای ٧٢ ساڵ لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ پارتی هاوشانی حزبەكانی تر لە كوردستان یەكێكە لە حزبە سەرەكییەكانی حوكمڕان لە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەركە لەسەر هەموومان هاوكارو پاڵپشت و پشتیوان بین تا حوكمڕانییەكی باشتر پێشكەشی هاوڵاتیانی خۆمان بكەین و بەیەكەوە هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بدەین، هاوكات ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بكەم ململانێكان وەلابنێن و هەموو پێكەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببینەوەو كۆتایی بە كێشەكان بێنین و بەیەكەوەو بە پاكێجێكی نیشتمانی كار بۆ بەدەستهێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بكەین.

جارێكی تر پیرۆزبایی گەرمی خۆمتان ئاراستە دەكەم و دەخوازم سەرفراز و سەركەوتوو بن.

كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
١٦-٨-٢٠١٨

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com