نوچەنێت-ئاڕتی
گوتەبێژی کۆشکی کرملین دەڵێت، روسیا ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی بە بەشداری سەرانی ئێران و تورکیا و روسیا دەکات. هەروەها ئاشکراشی دەکات ئەم کۆبوونەوەیە تایبەتە بە قەیرانی سوریا.
دیمێتری پسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا راشیگەیاندووە، هەر یەک لە حەسەن روحانی، رەجەب تەیب ئەردٶغان و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکانی ئێڕان و تورکیا و روسیا، سەرەتای مانگی داهاتوو کۆدەبنەوە.
بە گوتەی پسکۆف، دوای تاوتوێکردنی لایەنەکانی ئەم کۆبوونەویە، بە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان وردەکاریەکان و کاتی بەرێووەچوونی ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵیە رادەگەیێندرێ.
پسکۆف هەروەها هەر جۆرە رێککەوتنێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرانی روسیا و تورکیا، لە گەڵ ئیمانۆئێل ماکرۆن و ئانجێلا مێرکل سەبارەت بە قەیرانی سوریا رەتدەکاتەوە و دەشڵێت “وەها دیدارێک لە ئەجێندای مۆسکۆدا نییە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە پێشتر راپۆرتەکان باسیان لە کۆبوونەوەی سەرانی روسیا، تورکیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، لە شاری ئیستەنبوڵ دەکرد و بڕیار وابوو سەرەتای مانگی سێبتەمبەر کۆببنەوە؛ دەگوترا ئەم کۆبوونەوەیە لە سەر داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت.