ئێران: ئاگاداری سەدانی عەبادی نین

0

نوچەنێت ئاژانسەکان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ تاران رەتکردەوە و سەرچاوەیەکیش بە ئاژانسێکی ئێرانی راگەیاندووە، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێران لە بەرنامەدا نییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە سێشەممەی رابردوو ٧-٨-٢٠١٨، لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڵوێستی ئەو وڵاتە گوتی “بەغدا لەگەڵ ئەو سزایانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نییە، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ناچارین پابەند بین بەو سزایانەوە”.

لە دوو رۆژی رابردوو ئاژانسە عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ گفتوگۆ لەبارەی حکومەتی داهاتووی عێراق، سەردانی تاران دەکات. بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەکاتێکدابوو کە هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بەوەی، کە ناچارن پابەند بن بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کاردانەوەی تووندی لەئێران لێکەوتووەتەوە.

لەبارەی دەنگۆی سەردانی حەیدەر عەبادی بۆ تاران، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بێ ئاگایی خۆی لەو سەردانە دەربڕی و رایگەیاند، لەبارەی ئەو سەردانەوە هیچ هەواڵێک یان زانیارییەکی فەرمی پێنەگەیشتووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com