نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سزاکانی سەر ئێران، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی عێراقدا هەنگاو دەنێت. دەشڵێت “داوایان لە ئەمریکا و عێراق کردووە بەرچاوڕوونیان پێبدەن”.
رۆژی سێشەممە ٧-٨-٢٠١٨، گەڕی یەکەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە چەند کەرتێكی وەک سێکتەری ئۆتۆمبێل، بازرگانیکردن بە ئاڵتوون، کانزا گرانبەهاکان و خەڵووز و داهاتی پیترۆلیۆم دەگرنەوە. بڕیارە قۆناخی دووەمی گەمارۆکانیش لە ٥-١١-٢٠١٨ چالاکبکرێنەوە، کە زیاتر کەرتەکانی وزە و بانکی ئێران دەگرنەوە.
ئەمریکا داوادەکات سەرجەم وڵاتان پابەندی سەپاندنی گەمارۆکان بن بەسەر ئێراندا. دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، هەر لایەنێک پابەندی بڕیارەکانی ئەمریکا نەبێت، رووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
هەر ئێوارەی ئەمڕۆسێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردنی کوردستان لەگەڵ سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، رایگەیاند “ئەو پرسە تاوەکو ئێستا بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان روون نییە. من پێموایە بۆ خۆشیان هێشتا روون نەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا دەبێت، ئەو پابەندبوونەی هەیەتی بەنسبەت ئەو گەمارۆیەی لەسەر ئێران دادەنرێت، هەرێمی کورستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا هەنگاو بۆ ئەو بابەتە دەنێت”.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند “ئێمە داوامان لە ئەمریکا کردووە و لەگەڵ عێراقیش قسەمان کردووە، دەمانەوێ زیاتر بەرچاوڕوونیمان بدەنێ. داوامانکردووە شاندێکی ئەمریکا سەردانمان بکات و روونی بکاتەوە چ شتێکە ئەوەی دەبێت بکرێت، یان چ شتێکە نابێ بکرێت. ئێمە چاوەڕوانی ئەو کۆبوونەوەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی عێراق هەنگاودەنێت”.