نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی بچوکردنەوەی هەیکەلیەتی حکومەت هەنگاوێکی زۆرباشە و پێویستە پەلەی لێ بکرێت.
پڕۆژەی بچوككردنەوەی هەیكەلیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەواو بووە و تەنیا ماوە بنێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی، بەپێی پڕۆژەکە حکومەت ژمارەی وەزارەتەکانی لە ١٩ وەزارەتەوە کەمدەکرێنە بۆ ١٠ وەزارەت، ئامانج لە پڕۆژەکەش کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رۆتینی ئیدارییە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەی حکومەتی هەرێم بۆ بچووککردنەوەی هەیکەلیەتی خۆی رایگەیاند “رێکخستنەوە و بچووکردنەوەی هەیکەلیەتی حکومەت هەنگاوێکی زۆرباشە و پێویستە پەلەی لێ بکرێت، پێشم باشە حکومەت لەم خولەدا پڕۆژەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات، چونکە ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت، دەبێت بەپێی سیستەمێکی باش حکومەتەکە بەردەوام بێ و هەیکەلیەتەکەی بچووک بکرێتەوە”.
محەمەد ئیلخانی، دەشڵێت “ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت، پێویستە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە دروستبکرێت، کە حکومەتەکە هەیکەلیەتەکەی بچووکتر بکرێتەوە”.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەی بچوککردنەوەی هەیکەلیەتی حکومەت بارگرانی لەسەر خەزێنەی دەوڵەت کەم دەکاتەوە و حکومەتەکە رێکخراوتر دەبێ کار و چالاکیەکانی. هەروەها مامەڵەی هاوڵاتیانیش باشتر ڕایی دەکرێت.