نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن رایگەیاند، پێویست دەکاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت و ئومێد دەکەین بە باشی بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ٧-٨-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “برێت مەکگۆرک بەهیچ شێوەیەک باسی دواخستنی هەڵبژاردنی لەگەڵ ئێمە نەکردووە و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت “تاوەکو ئێستا هیچ حیزب و لایەنێک بە فەرمی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت”.
بارزانی لەبارەی هۆکارەکانی هەبوونی دەرمانی ساختە گوتی ” کێشەکە ئەوەیە، کە ئەو بابەتە تەنیا بە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، پێویستە بەغداش یارمەتیدەرمان بێت، چونکە زۆربەی ئەو دەرمانانەی بەشێوەیەکی نایاسایی و تەزوویرەوە دێن لە سنوورەکانی دیکەوە دێنە هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت “بە دڵنیاییەوە لە ناوخۆ دەستدەکەین بە ئیجرائاتی پێوسیت لەو بارەوە؛ حکومەت ئیجرائاتی تەواو دژی دەرمان و خۆراکی ساختە دەستپێدەکات”.