نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی، داوامان لێدەکەن هەڵبژاردن دوابخرێ، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین بۆ رۆژێکیش دوابخرێ.
بڕیارە لە رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨، هەڵبژاردن بۆ پێنجەمین خولی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناوی کاندید و سەرۆک لیستەکانیان بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی داوە. بەڵام یەکێتی بە شێووازی نافەرمی فەرمی داوای دواخرانی پرۆسەکە دەکات.
نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ٦-٨-٢٠١٨ هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی بەشداریی کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، لە بارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی باڵای یەکێتی رایگەیاند: یەکێتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان کردووە، بەڵام ئێمە وەک پارتی پێچەوانەی ئەوان بیر دەکەینەوە و لەگەڵ ئەوەش نین بەهیچ شێوەیەک تەنانەت بۆ یەک رۆژیش دوابخرێ.
عەلی عەونی ئاماژە بەوە دەکات، پێشتر پێمان باشبوو هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لەگەڵ پەلەمان بکرێت، بەڵام لایەنەکان رازی نەبوون.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت، ئەو لایەنانە خۆیان دەیانگوت ئەم حکومەتە شەرعییەتی نەماوە و ئەم پەرلەمانەش مانای نییە؛ ئەی خێرە ئێستا هەموو پاشگەز بوونەتەوە. دەشڵێت “هیچ بیانویەکی ئەوتۆیان نییە و ناکرێ مافی خەڵك پێشێل بکرێ. خەڵک مافی خۆیەتی نوێنەری خۆی لە حکومەت و پەرلەمان بگۆڕێ.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو لایەنانە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەبن پرۆسەکە ئەنجام دەدرێ، عەلی عەونی گوتی “بڕیارەکە دراوە و کاتی خۆی رەزامەندی لایەنەکان وەرگیراوە بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی. هەروەها ئەم بڕیارە هی حکومەتی هەرێمە و ئێمە وەک پارتی بەرگری لە ماف و ئستحقاقاتی میللەت دەکەین و لە بەرەی گەلین و ئەوانەی دەیانگوت لە بەرەی گەلین، ئێستا دژی مافی خەڵکن”.