نوچەنێت
لەگەڵ گەڕانەوەی بەشی یەکەمی گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات رووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو، گەڕی یەکەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چالاک دەکرێنەوە و چەند کەرتێكی جیاجیای ئێران دەگرنەوە. بڕیارە قۆناغی دووەمی گەمارۆکانیش لە ٥-١١-٢٠١٨ چالاک بکرێنەوە، کە زیاتر کەرتەکانی وزە و بانکی ئێران دەگرنەوە.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە “سزای قورس دەخەنە سەر ئێران و سزاکان هەر یەک لە سێکتەری ئۆتۆمبێل، بازرگانیکردن بە ئاڵتوون، کانزا گرانبەهاکان و کەرتی خەڵووز و داهاتی پیترۆلیۆم دەگرنەوە”.
ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی قورسترین سزا بەسەر ئێراندا دەکات و هۆشداریدەدات “هەر کەسێک یاخود کۆمپانیایەک بەردەوامبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، باجی قورس دەدات”.
ترەمپ خۆشحاڵی دەردەبڕێت، کە “زۆر لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نیازی کشانەوەیان لە بازاڕەکانی ئێران دەربڕیووە و زۆر لە وڵاتان ئاماژەیان بە کەمکردنەوە یاخود وەستاندنی هاوردەی نەوتی خاوی ئێرانی بۆ وڵاتەکەیان کردووە”.
ترەمپ داوا لە وڵاتان دەکات هەمان هەنگاو بگرنەبەر “تاوەکو رژێمی ئێران بژاردەیەکی لەبەردەمدا بمێنێتەوە، یان ئەوەتە هەڵسوکەوتی هەڕەشەکردن و نانەوەی پشێویی لە ناوچەکە دەگۆڕێت و خۆی لەگەڵ ئابووری جیهان دەگونجێنێت، یان ئەوەتە دەچێتە سەر رێگەی پەراوێزخراو لە ئابووری”.
ترەمپ رایگەیاندووە “رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران رێککەوتنێکی یەکلایەنەی قێزەون بوو. نەیتوانی رێگری لە ئامانجەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بکات، بڕە پارەیەکی زۆری رژانە پێش ئەو دیکتاتۆرە مرۆڤکوژەی، کە بەردەوام کاری خوێنڕشتن و بڵاوکردنەوەی گرژی و ئاژاوە بووە”. گوتیشی “لەوەتەی رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆی لەسەر کراوە، گرژییەکانی ئێران روویان لە زیادبوونە”.
بەگوتەی سەرۆکی ئەمریکا “بەو پارانەی لەژێر چەتری رێککەوتنی ئەتۆمی دەستیدەکەوێت، ئێران سیستەمی موشەکی ئەتۆمی بەهێز کردووە، پارەی داوە بە تیرۆر و ئاگری پێکدادانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆشکردووە”.
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، ترەمپ جەختیکردووەتەوە “لەکاتێکدا قورسترین گوشار دەخەینە سەر رژێمی ئێران، من ئامادەم رێککەوتنێکی گونجاوتر ئەنجامبدەم، کە بتوانێت کردەوە ناپەسەندەکانی رژێم بووەستێنێت، لەنێوانیاندا بەرنامەی مووشەکی بالیستی و پشتگیرییەکانیان بۆ تیرۆر”.
دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکات و دەڵێت “ئەمریکا پشتگیری لە گەلی ئێران دەکات، کە ماوەیەکە ئازار دەکێشن و بوونەتە قوربانی راستەقینەی سیاسەتەکانی رژێم. گەشبینین رۆژێک خەڵکی ئێران و سەرانسەری ناوچەکە لە سەلامەتی و ئاشتیدا دەژین”.
قۆناغی یەکەمی سزاکان، کە دەخرێنە سەر ئێران: نەوت، سیستەمی بانکی، زێڕ و دراو و کەرستەکانی پێشەسازی، ئۆتۆمبێل، کەلوپەلی فڕۆکە، فەرش و ئەو ماددە خۆراکیانەی لە ئێران بەرھەم دێن، کڕین و فرۆشتنی جۆرەکانی ئاسن، ئەلەمنیۆم، بەردی خەڵووز، کەرتی کەشتیڕانی ئێران، ئاڵۆوێری نەوتی و ھەرچەشنە کڕین و فرۆشتنێکی ماددەی پیترۆکیمیایی ئێران، نەفتیران و کۆمپانیای میللی تانکەرسازی ئێران، پێشگیری لە سەرمایەدانان لە کەرتی وزە.