نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، قسەکردن لە سەر دواخستنی هەڵنژاردن، جۆرێکی دیکەیە لەخیانەتی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.
پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆتە پرسێکی جددی، تائێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی داوای دواخستنی نەکردووە، ئەمڕۆ٦-٨-٢٠١٨، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی رێوڕەسمی کردنەوەی تێرمیناڵی نوێی فڕۆکەخانەی سلێمانی دا، رایگەیاند”هەموو حیزبەکان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن، بەڵام کەس ناوێرێت ئەوە بدرکێنێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. عەبدوڵڵا وەرتێ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند “من پێموایە قسەکردن لە سەر دواخستنی هەڵنژاردن جگە لەوەی، کە پێچەوانەی یاسا و دەستور و بنەما یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە، جۆرێکی دیکەیە لە خیانەتی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان”.
عەبدوڵڵا وەرتێ ئاماژە بەوەش دەکات، ماوەی ساڵێک تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیان درێژ کردەوە، لە ئێستاشدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم تەواوی رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی خۆی تەواوکردووە، بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ٣٠-٩-٢٠١٨.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوە ئیسلامی سەبارەت بە پاساوی ئەو حیزبانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن، گوتی “من پێموایە هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی، جگە لەوەی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانە دەیانەوێت جارێکی دیکە پیلان و نەخشەیەکی وا دابڕێژن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەنگی هەوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بدزن، وڵات بەرە و قەیران و ئاڵۆزییەکی گەورەتر بەن”.