نوچەنێت
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە روونکردنەوەیەک لەبارەی قسەکانی قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت “نەدەبوو ئەو مافە بەخۆی بدات بەناوی هەموو حزبەکانەوە قسە بکات، پارتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە”.
بڕیارە لە رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨، هەڵبژاردن بۆ پێنجەمین خولی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناوی کاندید و سەرۆک لیستەکانیان بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان داوە. بەڵام یەکێتی بە شێووازی نافەرمی داوای دواخرانی پرۆسەکە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە ٦-٨-٢٠١٨، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی قسەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەبارەی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دایەوە و رایگەیاند: “بەڕێز قوباد تاڵەبانی نەدەبوو ئەو مافە بەخۆی بدات بەناوی هەموو حیزبەکانەوە قسە بکات، چونکە هەر حزبێک، هەر را و هەڵوێستێکی هەبێت، لە رێگەی دامودەزگای خۆیەوە رایدەگەیەنێت”.
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەشێکی روونکردنەوەکەدا، دەڵێت “بەڕوونی رایدەگەیەنین، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە”.
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی کردنەوەی تێرمیناڵی نوێی فڕۆکەخانەی سلێمانی، لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “هەموو حزبەکان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن، بەڵام کەس ناوێرێت ئەوە بدرکێنێت”.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی “ئێمە وەکو حکومەت پابەند دەبین بە هەر یاسایەک کە پەرلەمان دەریدەکات، بۆیە ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە، حکومەت وەکو دەسەڵاتی جێبەجێکار بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین”.