نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەحمەدی خانی پێش ٣٤٠ ساڵ دەڵێ، ئەگەر کورد رێککەوتن و یەکریزی هەبا، تورک، عەرەب و فارس دەبوونە خزمەتکاری ئێمە.
قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تەنگیان بە دەسەڵاتی بەغدا هەڵچنیوە، ئەگەری هەیە پێکهاتنی کابینەی حکومەتیش دوا بکەوێت بەجۆرێک بکەوێتە ساڵی داهاتوو. هێشتا نازانرێ کورد لەم دۆخە ئاڵۆزەی عێراق دەتوانێ بە قازانجی خۆی سوودوەربگرێ یاخود نا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسن عوسمان، ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی بەرژەوەندی کورد لە لاوازی بەغدا لە ئێستادا، رایگەیاند: ئەحمەدی خانی پێش ٣٤٠ ساڵ دەڵێ ئەگەر کورد رێککەوتن و یەکریزی هەبا، تورک، عەرەب و فارس دەبوونە خزمەتکاری ئێمە، کەواتە ئێمە ئێستاش داواکەی ئەحمەدی خانی دەکەین؛ کەواتە هەتا کورد یەکڕیز نەبێ و نەزانێ چ ئامرازێک بۆ دەرفەتەکانی مێژوو بەکار بهێنێ، هەموو دەرفەتەکانی مێژوو لەدەست ئێمە دەچێ.
موحسن عوسمان پێیوایە، ناکرێ ئێمە چاوەڕێ ئەوە بکەین، کە عێراق لاوازە، بەڵام کورد خۆی چییە و سبەی و دوو سبەی عێراق وا نامێنێتەوە و ئەی کورد ئەو کات چی دەکات؟ بۆیە پێویستە کورد پلان و ستراتیژی خۆی هەبێ. ئاماژەی بەوەشدا، کە یەکەم شت ناوماڵی خۆی رێکبخات، چونکە بەغدا هەر چەند لاواز بێ، کورد بەبێ یەکڕیزی ناتوانێ هیچ بکات.