نوچەنێت: تایبەت
چاودێرێکی سیاسی کورد رایدەگەیەنێت، فەیلییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چوار نوێنەریان لە لایەنە جیاوازەکان هەیە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەک کەس خۆی کاندید کردووە.
بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ـەوە لە لایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانی بەغداوە کوردانی فەیلی ناتوانن وەک پێویست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی فەیلی، چاودێری سیاسی و کاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی داهاتوو، لە بارەی بەشداری کوردانی فەیلی لە هەڵبژاردن رایگەیاند: فەیلییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چوار نوێنەریان لە لایەنە جیاوازەکان هەیە، بەڵام لە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەنیا یەک نوێنەریان دەبێ.
عەلی فەیلی دەڵێت، کوردانی فەیلی زیاتر لە ناوچەی خانەقین و مەندەلی و ناوچە دابڕێنراوەکانن، بەڵام بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان دەژین و دابەشی شارەکان بوون و ئەگەر کارتی دەنگدانیان هەبێ دەتوانن دەنگ بدەن.
فەیلی پێیوایە، کوردانی فەیلی نزیک بە ٥٠ هەزار کەسێک دەبن لە هەرێمی کوردستان و دەتوانن بەشداری هەڵبژاردن بکەن.