نوچەنێت: تایبەت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی چاکسازی، بڕیاری داوە بە بچووککردنەوەی هەیکەلیەتی حکومەت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت “پلانێکی باشە و سوودی زۆر بۆ خەڵک و حکومەت دەبێ”.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پڕۆژەی بچوككردنەوەی هەیكەلییەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواو بووە و تەنیا ماوە بنێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی. هەروەها بەپێی پڕۆژەكەی حكومەتی هەرێم ژمارەی وەزارەتەكان لە ١٩ وەزارەت و ٣ وەزیری هەرێمەوە كەمدەكرێتەوە بۆ تەنیا ١٠ وەزارەت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. عزەت سابیر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لیستی یەکێتی نیشتمانی، لەبارەی پڕۆژەی حکومەت بۆ بچووککردنەوەی هەیکەلیەتی خۆی، رایگەیاند: ئەگەر حکومەت بیهەوێ چاکسازی بکات، دەبێ لە هەیکی وەزارەتەکانی خۆیەوە دەستپێبکات. هەروەها دەستخۆشی لە حکومەت دەکەم، کە چەندین بەڕێوەبەرایەتی کرد بە یەک و بەمەش خەرجییەکی زۆر بۆ حکومەت گەڕایەوە، رۆتینی ئیداریشی کەمکردەوە و کاتی رایی کردنی مامەڵی هاوڵاتیانیشی کەمکردەوە. دەشڵێت “هیوادارم ئەگەر لەم کابینەیە نەیتوانی لە داهاتوو قەبارەی حکومەت بچووک بکاتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەدات، کە لە کابینەی هەشتەم، لە بەر حکومەتی بنکەفراوان مەسەلەی سیاسی، چەندین دەستە و چەندین وەزیری بێ وەزارەت و چەندین وەزیری هەرێم بۆ شوێنی جیاجیا دانران. بۆیە هیوادارم دوای هەڵبژاردی پەرلەمانی کوردستان قەبارە حکومەت بچووک بکرێتەوە.
لەبارەی سوودی ئەو پڕۆژەیەی حکومەت عیزەت سابر گوتی “چەندی سوودی گەورەی هەیە، خەڵک ئەو کاتە دەڵێت، حکومەت لەخۆیەوە چاکسازی دەستپێکردووە و هەروەها ئاسانکارییە بۆ ئیش و کاری خەڵک و پارەیەکی زۆریش دەگەڕێتەوە”.