0

 

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران جارێکی دیکە رووبەرووی گۆشاری نێودەوڵەتی بووەتەوە و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران پەرەیان ستاند. کەسایەتییەکی سیاسی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان-یش دەڵێت “رژێم خۆی خوڵقێنەری ئەم دۆخەیە، بەڵام بارودۆخە بووەتە دەرفەتێکی باشی بووژانەوە و تێکۆشانی کوردستانیان و پارتە کوردییەکان.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر حامیدی، کەسایەتی سیاسی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دۆخی ئێستای ئێران رایگەیاند: ئاشکرایە، کە مەبەست لە دۆخی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان، لایەنی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن، لە وەزعی ئێستای رژێمی ئێران دا دەرفەتی زۆر دەگمەن و شیاوی بۆ ھاتۆتە پێش. رژێمی ئیسلامی ھەرگیز وەک ئێستای نەکەوتۆتە تەنگەژەوە؛ لە ھیچ بوارێک دا دڵنیای بۆ رژێم نەماوە. لە بواری کۆمەڵایەتیدا، دەسەڵات و گەلانی ئێران بوونەتە دووبەرەی دژ بەیەک. هەروەها رژێم بێ بەرنامە و بێ دەسەڵات کەوتۆتەوە.

جەعفەر حامیدی دەڵێت “سیاسەتی دەستوەردان و ئاژاوەنانەوەی رژێم، ھەرگیز وەک ئێستا بەربەرەکانی لە گەڵ نەکراوە. کۆمەڵگای جیھانی بە گشتی و زلھێزەکان بە تایبەتی لە ھەوڵی ئەوە دان کۆڕبەندێکی گەورە دژی رژێم پێکبێنن. لە سەرەوەی ھەموویان ئەمەریکا، بە تەنیا خەریکە پڕۆسەی سەختترین گەمارۆی ئابووری دژی ئێران بەڕێوەدەبات و بە ئاشکرا تۆمەتبار دەکرێ بە ئاژاوەنانەوە لە یەمەن، لوبنان، سوریە و عێراق”.

لەبارەی ئەوەی، کە ئایا دەکرێ لایەنە سیاسییە کوردەکان بەتایبەتی پشت بە و دۆخە ببەستن، کە ئێستا لە ئارادایە، جەعفەر حامیدی گوتی “لایەنە کوردەکان و باقی لایەنەکانی دیکەی دژبەر و جیابیری ئێرانیش، دەتوانن بەو وەزعە ئومێدەوار ببن و پشت ئەستوور بن بە تێزی کەوتنە قەیرانی رێژیمی ئێران. هەروەها بۆیە دەکرێ وەزعی ئێستای ئێران و رێژیمەکەی جێی ئومێدتر ببینین لە دەیان ساڵ کاری تەشکیلاتی و تەنانەت تێکۆشانی پێشمەرگایەتیش؛ لەبەر ئەوە رێژیم کەوتۆتە قەیرانێکەوە، کە مانەوەی لە دۆخی ئێستای دا نامومکین کردووە.

ئەو کەسایەتییە سیاسییەی رۆژهەڵات پێیوایە، کە ئەم دۆخە لەلایەن لایەنە کوردییەکانەوە بۆ رێژیم پێکنەھاتووە، بەڵکە رژێم بۆ خۆی پێکھێنەری ئەم دۆخەیە؛ بەڵام بارودۆخە بووەتە دەرفەتێکی باشی بووژانەوە و تێکۆشانی کوردستانیان و پارتە کوردییەکان، ئەگەر بتوانن خێری لێببینن.

  

٢

٢ـ ئەگەری هەیە ئێران لە رێگەی دانوستانەوە لە گەڵ ئەمریکا دۆخی خۆی باش بکاتەوە؟

 

وەڵامی پرسیاری دوویەم: ئیزن بدەن دوو ئەگەر بێنین گۆڕ: ئەگەری وتووێژ و ئەگەری باش بوونی وەزعی ئێرانیی پاش وتووێژ: – ئەگەری ئەوە ھەیە بکەونە وتووێژەوە! کورد گوتەنی :« ھەر دوکیان لامە، لامە بۆ یەک دەکەن» ئەمەریکا ئینکاری بیرۆکەی پێکھاتن ناکا، ئێرانیش ھەتا سەر ناتوانێ ئەو گەمارۆ توندە تەحەمول بکا، بۆیە ئەو ئەگەرە زۆر لە واقیع نزیکە کە پێش تێکڕمانی دەسەڵاتی رێژیم دوولایەن بکەونە گوفت و گۆوە! لە گەڵ ئەوەش دا لە نێوان ئێران و ئەمەریکا دەڵاڵێکی گەورە ھەیە کە نێوی یەکێتی ئورووپایە! وەڵاتەگەورەکانی یەکێتی ئورووپا دەیانەوێ بە نرخی کڕینەوەی ئابڕووی خۆیان؛ ئێران و ئەمەریکا پێک بگەیەنن!

کە دەڵێم کڕینەوەی ئابڕوو مەبەستم ئەوەیە کە زەختی پڕێزیدێنت تڕامپ بۆ سەر ئێران، پێچەوانەی ئەو سیاسەتەکاسبکارانەیە کە دەیان ساڵە یەکێتی ئورووپا لە بەرانبەر ئێران دا گرتوویەتە پێش! سەرکەوتنی تڕامپ بە سەر ئێران دا، بەتەواوی ئابڕووی سیاسەتی شلە مەکرە و بێرۆکراتی کۆمپلێکسی ئورووپاییەکان دەبا! پێش وتووێژی ئەتۆمی ئێران؛ زۆری حەول دا ، رووسیە و چین لە بەرانبەر ئەمەریکا و دۆستەئورووپاییەکانی دا رابگرێ! بەڵام بۆی نەچۆ پێش!

 

ئەو جاریش مێژوو خەریکە دووپات دەبێتەوە، ئێرانیی و دەسەڵاتەکەی نەرم بوون، دەڵێن ئەمەریکا داوای وتووێژی لە گەڵ کردووین، دەڵێن وتووێژ رەت ناکەینەوە! باسێکیش لە جنێو و سووتاندنی ئاڵای ئەمەریکا و خوتبە ئاگرینەکانی رۆژانی جومعە نەماوە، ئەوەش دەمانگەیەنێتە ئەو واقیعە، کە ئێران ئەم جاریش مل رابکێشێ بۆ پێکھاتن لە گەڵ ئەمەریکا! بۆیە لە ئێستاوە دەتوانین شێمانەی دەرکەوتنی سیاسەتی دەستپێکردنی وتووێژ بەدی بکەین!

– بەڵام ئەگەری ئەوە نی یە کە ئێران بتوانێ بە پێکھاتن لە گەڵ ئەمەریکا وەزعی خۆی باش بکاتەوە. ئاکامی وتووێژێکی لەم چەشنە: کشانەوەی ھێزی نیزامی-تێرۆریستی ئێران لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. قووتدانەوەی تێئۆری و کردەی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی یە. خۆگونجاندن لە گەڵ بازاری ئازادی ئابووریی جیھانیی و لێکەوتەی سیاسی ئەو بازاڕەیە کە بەر لە ھەر شت، دابینبوونی ئەمنیەت و ئاسایش و بەدام و دەزگاکردنی پڕۆتۆکۆلە گەورە و نێونەتەوەییەکانە، ئەوانەش ھەموویان لە گەڵ دارشتەی بیری ئاخوندی دەکەونە «تضاد» وە!

بۆیە ئەگەر پاش ئەو گۆڕانکاری یەش دەسەڵاتی ئاخوندی بمێنێ، ئەوە وەک خەسیو و یەختە دەمێنێ و دەستەمۆی رۆژاواییەکان دەبێ! خۆ ئەگەر ئەو گۆڕانکاری یەش رووبدا ئەوە گۆڕانی دیکەش وەک گۆڕانی کۆمەڵایەتی، گۆڕانی راگەیاندن و مێدیا ، پێک دێ! لەوەھا حاڵەتێک دا، ئاسەوارێک لەو ئۆڕتێدۆکسە ئاینی یەی ئاخوندی پێوە دەناسرێ نامێنێ!

 

٣ـ ئەگەر گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاد بکەن پێتوایە چی روو دەدات؟

 

 ئەو گوشارە دەرەکییانەی لەسەر ئێرانە لە دوو بواری ئابووری و سیاسی دا پاڵپەستۆی خستۆتە سەر رێژیم! بەکورتی دنیای دەرەوە، زیاتر لە ھەمووان ئەمەریکا دەیانەوێ لەو رێگایەوە رێژیم بکەنە ھاونۆڕمی خۆیان! دەزانین کە پاڵپەستۆی سیاسی چەندین ساڵە لە سەر ئێران بوە و شتێکی نەگۆڕی. بەڵام گەمارۆی ئابووری کۆمەڵێک کێشەی قووڵی بۆ رێژیم خوڵقاندووە، ھەر چەند تا ئێستاش کەمتر لە ٥٠٪ گەمارۆ کەوتۆتە سەر توانای ھێنان و ناردنی ئابووری ئێران!

واتە رێژیم تا ئێستاکەش دەتوانێ بە ھاوکاری چین، رووسیە، کۆریا، وڵاتەکانی جیران و ناوچە کۆمەڵێک گەمەی سیاسی لە مەیدانی ھێنان و ناردنی ئابووریدا بکا و زیاتر لە ٥٠٪ ی ھێنان و ناردنی خۆی مەیسەر بکا! بەڵام ناڕەزایەتی گەلانی ئێران و گرانیی و تەوەڕوم و دابەزینی نرخی تەمەن، وەک لێکەوتەی ئەو گەمارۆ ئابووری یە، ئەوەمان پێ دەڵێ کە رێژیم چیتر ناتوانێ بەرگەی ئەو پاڵپەستۆیە بگرێ!

وەک لە مێدیاکانیش باس دەکرێ، یان رێژیم مل کەچ دەکا بۆ پێکھاتن لە گەڵ ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی، یان درێژەدانی بە سیاسەتی تا ئێستای دەیشکێنێ! بەلای منەوە رێی تێدەچێ کە زۆر ناکێشێ رێژیم بۆ سووککردنی گەمارۆی ئابووری و مانەوەی خۆی؛ سیاسەتی مل ڕاکێشان و وتووێژ بگرێتە بەر!

 

٤ـ ئایا دەبێتە هۆی رووخانی دەسەڵاتی سیاسی ئێران؟ وەڵامی پرسیاری

 

 ئەوە کە درێژەی گەمارۆی ئابووری ببێتە ھۆی رووخانی دەسەڵاتی سیاسی ئێران، بۆخۆی ھەڵگری دڵنیابوونەوە لە ٢ فاکتۆری گرینگیخوارەوەیە: ماوەی چەند مانگ دەکێشێ تا ئەمەریکا و ھاوپەیمانانی گەمارۆئابووری یەکانیان بگەیەننە زیاتر لە ٨٠٪ تا شوێنی گاریگەرتر دابنێ ؟ پێویستە لێکدانەوەی دەقیق لە سەر وەزعی دارای بانکە ناوخۆییەکانی ئێران، و خۆبەڕێوەبەری سونەتی نێوخۆیی ئێران بکرێ و وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە داخوا ئێران تا چەندە دەتوانێ پاڵپەستۆی گەمارۆی ئابووری تا نزیک لە ١٠٠٪ لە سەر شانی خۆی رابگرێ و تێکنەڕمێ؟ ئەوەمان لە بیر نەچێ کە ئێران دەیانساڵە پارەی زۆر و زەوەن دەخاتە بازاڕەوەو ئابووری ئێرانی کردۆتە، ئابووری چەرچی: پووڵ و پارەی قەرزی بانکەکان لە دەستی خاوەن پڕۆژەبچووکەکان دابووە، ھەر وەھا قەرز بە شێوەی نەغدینە ئاڵوێری پێکراوە!

لە گەڵ ئەوەش دا بەرھەمھێنان لە ئێران جێی بایەخە؛ کشت و کاڵ و میوە، مونتاژ و تێکستایل و کۆمەڵێک بەرھەمی دیکە، ئەوانە رێگەی مانۆڕ بۆ رێژیم ئاواڵە دێڵنەوە! بە ھەموو ئەوانەوە، راوەستان و خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران، کە بە داخەوە تا ئێستاش بەبێ رێبەری بەڕێوەدەچن، فاکتەری سەرەکین و شوێندانەرن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی رێژیم! بەندە چەند ساڵ پێشتر لە وتووێژێکم دا ئەو باسەم ھێنایە گۆڕێ کە:« ئاخوند ٣٠ ساڵە بە جینایەت و کوشت و بڕ حکومەت دەکا؛ رەنگە ٣٠ ساڵیش بە بە گریان و لە خۆدان و خۆداڕنین دەسەڵاتی بپارێزێ» ئێستا ئەو بۆچوونەم دەگۆڕم و لە سەر ئەو باوەڕەم کە گەلانی ئێران دەرفەتی ژیانێکی زۆریان بۆ رێژیم نەھێشتۆتەوەو ئاوابڕوا، چارەنووسی ھەر رووخانە!

 

٥ـ کورد و ئۆپۆزسیۆنەکەی چ نەخشەڕێگایەک بگرێتە بەر؟ 

 

وەڵامی پرسیاری ٥: — ئیزن بفەرموون بەر لە وەڵام، باسەکە باسی ئێران بە گشتی یە؛ پرسی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بێنینە گۆڕێ! لە شێوەی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان ئەوە دەردەکەوێ کە لە ئێران دا ئۆپۆزیسیۆن بە مانای واقیعی بە کردەوە لە مەیدان دانیە! ئەو قسە و قسەڵۆکانە کە بەناوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەکرێ، « سخن در تبعید» ن و ھیچی دیکە! بەندە سەرم سووڕ دەمێنێ، حیزبی کوردی بۆ ئەوەندە باسی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و گرتنی کۆبوونەوە و داڕشتنی پلان و پلاتفۆڕم لە گەڵیان دەکا؟ کێن ئەوانە؟ لە کوێ خۆیان نیشانداوە؟ چ بەرنامەیەکی نەتەوەیی، ئاڵتێرناتیڤی و ئابووری روونیان خستۆتە بەردەم خۆپێشاندەرانی ئێرانی و بەکام دروشمەوە دەناسرێن؟ بۆچی ئێمە لە کوردستانەوە تا شوێنەکانی«تبعید» یان لە ئورووپا و ئەمەریکا بەرەسپیریان دەچین؟ تاکەی دەستھەڵدەگرین لە خۆبەکەمگرتنمان؟ بەڵام لەو جێ یە دەگەڕێتەوە سەر خەڵکی کوردو کوردستانیی ئەوە روونە کە داوای خەڵک نەتەوەیی یە و وەک پێشتر لە مێژووی سەردەمیش دا کوردستان نیشانیداوە؛ لە گەڵ ھەر پاشەکشەیەکی دەسەڵاتی داگیرکەری ئیرانی؛ کورد تێدەکۆشێ بۆخۆی خۆی ئیدارە بکا.

سەردەمی کۆماری کوردستان و رووخانی رێژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٧٩ دا، باشترین بەڵگەن بۆ ئەوە بڵێین کوردی رۆژھەڵات ئەم جارەش بۆ خۆئیدارەکردنی کوردستان ئامادەیەو تێدەکۆشێ! کە باسی ئۆپۆزیسیۆن بێتە گۆڕێ چەند خاڵێکی گرینگ پێویستە باس بکرێ: لە کوردستان ئۆپۆزیسیۆن ھەیە، بەڵام پڕشوبڵاوو یەکدەندە! کە حەزی لە گۆڕانکاری نیە و نایەوێ یان بۆی ناکرێ و لە توانای دانیە بەپیر ئەو ھەل و مەرجە نوێ یەوەبچێ!

ھەرچەند بە پێی ئاگاداری ئێمە؛ ئۆپۆزیسیۆن چەند وردە پلان و بەرنامەڕێژییەکی بۆ داھاتوو ھەیە، بەڵام مخابن، ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بێ تونایە لە وە کە بەرنامەکانی بەرۆژبکاو بیخاتە بەر نەزەری کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی کوردستان، ئەوەش کەمایەسییەکی زۆر گەورەیە! ھەر دەڵێی لە قسەی خۆی دەترسێ و لە رسخنەی خەڵک بێزارە! ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن خۆی بەخەڵکی دەزانێ دەبێ گوێڕایەڵی بۆ داواکانی خەڵک ببێ! داوای خەڵک یەکگرتنەوەی باڵەکانی حیزبەکان و پێکھێنانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و داڕشتنی گەڵاڵەی ئیدارەی پاش رووخانی رێژیمە!

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com