هۆکاری هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکرێت

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی رایدەگەیەنێت، هەر حزبێکی سیاسی ئەگەر داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکات، دەبێت هۆکارەکانی بۆ خەڵک و حزبەکانی هەرێم دیاری بکات.

بڕیارە ڕۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، تا ئێستا کۆمسیۆن و حکومەتی هەرێم جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکەنەوە، هاوکات بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوای دواخستنی پرۆسەکە دەکەن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان رایگەریاند “لەبەر ئەوەی تا ئێستا رووداوێکی وا لە هەرێم رووی نەداوە، کە ئاستەنگ لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستبکات، بۆیە پێویستە هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت و دواخستنیشی کارێکی باش نابێت، بۆ ناوخۆ و ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە عێراق و رای گشتی نێودەوڵەتیش”. 

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی پێیوایە، هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، زیاتر پەیوەندی بە کێشەی ناوخۆی حزبەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و دەڵێت “هەر حزبێکی سیاسی ئەگەر داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکات، پێویستە بە روونی هۆکارەکانی بۆ خەڵک و حزبە سیاسییەکانی هەرێم دیاری بکات؛ بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بکرێت، تا بزانین هۆکارەکە شایەنی ئەوەیە پڕۆسەکە دوابخەین یاخود نا”.  

ئیلخانی جەختیشیکردەوە لەوەی، کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، لە رووی تەکنیکی و ئیداری و کارگێڕییەوە کارەکانی خۆی تەواوکردووە و لە رووی سیاسییەوە بەشێوەیەکی گشتی حزبەکانی هەرێم ئامادەیییان نیشانداوە بۆ هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com