نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارەم ساڵیادی کۆمەڵکوژی و ڕفاندنی کوردانی ئێزدی لە پەیامێکیدا رایدەگەیەنێت، کە حکومەت لە رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی بەردەوام دەبێت تا سەرجەمیان رزگار دەکرێن.
ئەمڕۆ هەینی (٣-٨-٢٠١٨)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە ساڵیادی جینۆسایدی دەڤەری شنگال لەسەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە “حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی هەوڵی باشكردنی ژیانی ئاوارەكانی دەڤەری شنگال دهدات، كە چەند ساڵە لە دۆخێكی ناخۆشی ئاوارەییدا دەژین”.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ ساڵیادی كۆمەڵكوژییەكی دیكەی ئێزدییانە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە. ئەو كۆمەڵكوژییە وەك یەكێك لە دڕندانهترین كۆمەڵكوژییەكانی سەدەی بیست و یەك كەوتە مێژووی گەلی كوردستان و مرۆڤایەتییەوە.
لەو هێرشهدا بۆ سەر دەڤەری شنگال ١٢٩٣ كەسی سیڤیلی دەڤەری شنگال شەهید كران. هەروەها ٦٤١٧ ئێزدیش ڕفێندران، كە زۆربەی زۆریان منداڵی كچ و ئافرەتن و ٢٧٤٥ منداڵیش بێ دایك و باوك بوون. دەیان پەرستگەی ئێزدییان وێران كران و تا ئێستا ٦٩ گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە. ئەوانە و چەندین ئامار و بەڵگەی دیكە بەسن بۆ ئەوەی پەرلەمان و حكومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیارێكی تایبەت، دان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا بنێن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی لە پاراستنی ئێزدییان و هاوكاریكردنی زیاتری ئاوارەكانی دەڤەری شنگال، هەروەها نوسینگەی تایبەتیمان بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ ڕزگاركردنی ڕفێنراوان، كە تا ئێستا نیوەیان ڕزگار كراون و تا ڕزگاركردنی هەموو خوشك و برا ئێزدییە ڕفێندراوەكانمان ناوهستین. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی تواناكانی هەوڵی باشكردنی ژیانی ئاوارەكانی دەڤەری شنگال دهدات، كە چەند ساڵە لە دۆخێكی ناخۆشی ئاوارەییدا دەژین.
لەو ڕۆژە خەمناكەدا بە پێویستی دەزانین حكومەتی فیدراڵی عێراق دەستبكات بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال و بە جێگەیاندنی ئەركی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی بگەڕێنەوە سهر زێدی باب و باپیرانیان.
هەروەها داوا لە دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەكەین، بەشدار بن لە ئاوەدانكردنەوەی دەڤەری شنگال و باشكردنی ژیانی خەڵكی ئەو ناوچەیە، كە جینۆسایدكردن و لێكەوتەكانی و خراپی گوزەران، ژیانی ئەوانی تەواو ناخۆش كردووە. ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی ژیانی خەڵكی دەڤەری شنگال ئەركێكی هاوبەش و هەمەلایەنەیە.
لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز بۆ قوربانیان و گیانی پاكی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دادەنوێنین، كە لەپێناو رزگاركردنی شنگالدا شەهید بوون و تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا لە شنگالەوە دەستیپێكرد.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
٣-٨-٢٠١٨