نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی لە موسڵ رایدەگەیەنێت، بەهۆی یەکلانەبوونەوەی کێشەی ماددەی ١٤٠، ناتوانین بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بین.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨، لە هەرێمی کوردستان ئەو وڵاتانەی هاوڵاتیانی هەریمی لێیە، بەڕێوەبچێت. هەروەها بە هۆی یەکلانەبوونەوەی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، کورد تەنیا دەتوانێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو ناوچانە نوێنەری هەبێ.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی لە موسڵ، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ناوچە کوردستانیەکانی ئەو سنوورە رایگەیاند: ئەو ناوچانە لەژێر دەستی حەشدی شەعبی دایە و لێمان قبول ناکەن بەشداری هەڵبژاردن بکەین، چونکە کێشەی ئەو ناوچانە هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە.
مەمۆزینی دەشڵێت، پارتی لەم سنوورە بە هۆی یەکلانەبوونەوەی کێشەی ماددەی ١٤٠، کاندیدی نییە. هەروەها ئەو کەسانەی خەڵکی ئەم سنوورەن و لە هەرێمی کوردستان دەژین، داوایان لێدەکەین هاوکار بەن لە هەڵبژاردن.