نوچەنێت: تایبەت
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کۆچەر بیرکار کرد و رایگەیاند “من یەکێکم لەو ٤٠ ملیۆن کوردەی زۆر بەو سەرکەوتنەتان خۆشحاڵم و شانازییت پێوە دەکەم”. لەبەرانبەردا خەڵکی گوندی “نێ” وەک دەربڕینی خۆشحاڵی بەرامبەر پەیامەکەی بارزانی، وێنەی کۆچەر و بارزانییان بە پۆستەری گەورە لەناو گوند هەڵواسی”.
رۆژی چوارشەممە ١-٨-٢٠١٨، ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل، مەراسیمی خەڵاتی فیڵدزی بواری بیرکاری بەڕێوەچوو، چوار کەس خەڵاتەکەیان بردەوە، یەکێکیان کۆچەر بیرکار، پڕۆفیسۆری بواری بیرکاری خەڵکی مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
کۆچەر بیرکار، دوای بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بە ئامادەبوانی راگەیاند “هیوادارم ئەو هەواڵە خەندە بخاتەسەر لێوی ٤٠ ملیۆن کورد لە جیهاندا”.
بەگوێرەی چەند وێنەیەک، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کراوەتەوە، خەڵکی شوێنی لەدایکبوونی کۆچەر بیرکار، واتە گوندی “نێ” سەربە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە پۆستەری گەورە وێنەی بارزانی و کۆچەر-یان هەڵواسیوە.
هەروەها لە پۆستەرەکەدا دوو گوتەی بازانییان نوسیوە، کە گوتی “من یەکێکم لەو ٤٠ ملیۆن کوردەی زۆر بەو سەرکەوتنەتان خۆشحاڵم و شانازییت پێوە دەکەم”. “زۆر بەو سەرکەوتنەتان خۆشحاڵم و شانازییت پێوە دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترت بۆ دەخوازم”.
دەقی پەیامەکەی بارزانی بۆ کۆچەر بیرکار:
بەڕێز کاک کۆچەر بیرکار
بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە هەواڵی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەم بیست، کە بەڕێزتان لە بوارێکی گرنگ و زەحمەتی زانستیی وەک بیرکاریدا وەدەستتان هێناوە.
بێ گومان ئاواتەکەتان هاتەدی و ئەو سەرکەوتنەتان دڵی هەموو گەلی کورد خۆش دەکات و من یەکێکم لەو چل ملیۆن کوردەی زۆر بەو سەرکەوتنەتان خۆشحاڵم و شانازییت، پێوە دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترت بۆ دەخوازم.
زۆر جێگای خۆشحاڵییە کە گەنجی کورد دەتوانێت لەبواری زانستیدا پێشبڕکێ لەگەڵ زانایانی جیهان بکات و خەڵاتی نێودەوڵەتی وەربگرێت. هیوادارم کاکە کۆچەر ببێتە سەرمەشق و نموونەی باڵا بۆ گەنجانمان و هەوڵ بدەن وەک کاکە کۆچەر، بە سەرکەوتن لە بواری خوێندن و زانستدا ناوی گەلەکەتان بەرز ڕابگرن.
مەسعود بارزانی
2-8-2018


