ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەبارەی عەفرینەوە هۆشداری دەداتە تۆرکیا

0

نوچەنێت

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات “رێگە لە پێشێلکارییەکانی هێزەکانی و هێزە هاوپەیمانەکانی لە هەرێمی عەفرین بگرێت”. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-8-2018، راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ (لێبووردنی نێودەوڵەتی) بڵاوکراوەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، کە “هێزەکانی تورکیا رێگەدەدەنە گروپە چەکدارەکانی سوریا بۆ ئەوەی پێشێلکاری جددی بواری مافەکانی مرۆڤ دژی خەڵکی مەدەنی لە شاری عەفرین ئەنجامبدەن”. 

ئەمنستی دەڵێت “خەڵکی عەفرین رووبەڕووی چەندین جۆر لە پێشێلکاری دەبنەوە، لەوانەش دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردنیان، دەستگرتن بە سەر ماڵ و موڵکیان و تاڵانکردن”.
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، زۆربەی پێشێلکارییەکان لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە ئەنجامدەدرێن، کە حکومەتی تورکیا چەکیان پێدەدات و سوپای تورکیاش لە ئاستی ئەو پێشێلکارییانەدا چاو دادەخات. “تەنانەت هێزە چەکدارەکانی تورکیا خۆیشیان چوونەتە ناو چەندین قوتابخانەوە و پرۆسەی خوێندن و پەروەردەی هەزاران منداڵیان پەکخستووە”. 

لین مەعلووف، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت “هێرشی سەربازیی تورکیا مەینەتی خەڵکی عەفرینی زیادکردووە”. 

لین مەعلووف دەشڵێت “تورکیا هێزی دەسەڵاتداری عەفرینە و هەر بۆیە بەرپرسە لە خۆشگوزەرانی خەڵکی سڤیل و جێبەجێکردنی یاسا و سەقامگیری. تاوەکو ئێستا هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەم ئەرکانەدا شکستیان هێناوە. تورکیا ناتوانێت بە بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ ئەنجامدانی کارە قێزەونەکەی خۆی لە بەرپرسیارێتی بەدووربگرێت. بەبێ دواخستنی زیاتر، پێویستە تورکیا کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی ئەو گروپە چەکدارانە بهێنێت کە یارمەتیان دەدات، دەبێت ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان سزابدات و پابەندبێت بە یارمەتیدانی خەڵکی عەفرین بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com