نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک، کە کەمئەندامی سەنگەرە، لەناو بازاڕی چوارقوڕنە نەوتی بە خۆیدا کردووە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە. هاوڕێیەکی ئەو هانیشتمانییە دەڵێت “بەهۆی برینداربوونی پێشوویەوە بە کەمتەرین کێشە هەڵدەچوو”.
لە راگەیێندراوێکدا، بەشی راگەیاندنی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت “ئەمڕۆ کاتژمێر 9:30 بەیانی هاونیشتمانییەک بەناوی (س.ا)، تەمەن 44 ساڵ لەناو بازاڕی شارۆچکەی چوارقوڕنە سەر بە قەزای رانیە نەوتی بە خۆیدا کردووە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە. هەر زوو بەڕێکراوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی رانیە، دواتر لەبەر سەختی برینەکەی بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی”.
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی رێژەی سووتاوییەکەی لە 45%.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هاوڕێیەکی نزیک لە ئەو هاونیشتیمانییە ئاشکرای کرد، رێژەی سووتاوییەکەی لە 57%ـە. هەروەها کەمئەندامی سەنگەرە و خاوەنی سێ منداڵیشە.
ئەو هاوڕێیەی سوتاوەکە دەڵێت “لە ساڵی 1991ـەوە گوللە بەرسەری کەوتووە، ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر دروستکردووە و بە بچووکترین دەمەقاڵێ هەڵدەچێ، ئەمڕۆش بەداخەوە 57%ی جەستەی سووتاوە، لە قاچییەوە تاوەکو سکی و پشتیشی سووتاوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، کە لەناو بازاڕی چوارقوڕنە عەرەبانەی هەیە و پاکەتی جگەرەی دەفرۆشێت”.