دیلۆیت راپۆرتی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی بڵاوکردەوە

0

نوچەنێت

 لەبارەی پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی دووەمی 2017، كۆمپانیاى وردبینیى دیلۆیت دووەم راپۆرتى بڵاودەکاتەوە رایگەیاند، بۆ هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت هیچ بەیانێکی نادروستمان بەدینەکردووە.
رۆژی چوارشەممە 1-8-2018، راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەڵێن دەدات لەسەر بەردەوامبوون لە بڵاوكردنەوەی داتا و زانیاریی وردبینیكراو و پشتڕاستكراو لەلایەنی سێیەمی سەربەخۆ سەبارەت بە داهات و خەرجی و پرۆسە جیاجیاكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بە ئامانجی بەدەستهێنانی متمانەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
دەقی ‎راپۆرتەکە:
لە چوارچێوەى پڕۆژەى وردبینى سەربەخۆى كەرتى نەوت و گاز لە هەرێمى كوردستان كە پێشتر بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران لە مانگى شووباتى 2016 كەوتە بوارى جێبەجێكردنەوە، ئەمڕۆ داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی ئەنجامی وردبینی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجى و داهاتەكانی نەوت لە پێگەی رِەسمیی حكومەتى هەرێمى كوردستان بڵاوكرایەوە، ئەمەش بۆ تەواوكردنی ئەو زانیارییانەی كە پێشتر لە راپۆرتی وردبینی لە رۆژی 16ـی كانوونی دووەمی ساڵى 2018 دا سەبارەت بە ئەنجامی وردبینی شەش مانگى یەكەمى هەمان ساڵ پێشكەش بە رای گشتی لەناو هەرێمی كوردستان و دەرەوە كرا. 
ئەم داتا و زانیارییە نوێیانە، كە لەلایەن (كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و رِاوێژكاری) وردبینیكراوە وەك یەكێك لە چوار كۆمپانیا گەورەكانى دونیا، زانیاری گرنگ بە ژمارەى وردبینیكراو لەخۆدەگرێت دەربارەی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتى نەوت لە ماوەی نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی كانونی یەكەمی 2017. 
ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز دووپاتیدەكاتەوە، كە مافی گشت هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە زانیارییان هەبێت دەربارەی ئەو ژمارە و داتایانەی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و بەكارهێنانی ناوخۆیی و داهاتەكانی نەوت، كە ئەمڕِۆ پێشكەشكراون، بە تایبەتیش، كە ئەو داتا و زانیارییە بڵاوکراوەنە بە شێوەیەكی فەرمی پشتڕِاستكراونەتەوە لەلایەن كۆمپانیایەكی وردبینیی جیهانی، ئەمەش وەك بەشێك لە هەوڵەكانى حكومەتى هەرێمی كوردستان بۆ برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە و حوكمرِانیی رەشید لە هەرێمی كوردستان. 
لەم راپۆرتە وردبینییەی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بە بەراورد لەگەڵ راپۆرتی بڵاوكراوەی شەش مانگی یەكەمی هەمان ساڵ بە پشتبەستن بە زانیاریی بەدەستهاتوو لە خاوەن بەرژەوەندییەكان و لەدوای پشتڕِاستكردنەوەیان، ژمارە و زانیاری نوێ خراوەتەڕوو بەدیاریكراوییش وردەكاریی بڕگەكانی خەرجییە گشتییەكانی دیكە جگە لە خەرجییەكانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و خەرجییەکانی مووچە و خستنەڕووی تێكڕاى نرخی مانگانەى یەك بەرمیل نەوتى خاوی فرۆشراو بە بەراورد بە نرخى نەوتى جیهانی برێنت كە لە ماوەی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بەدەستهاتوون و چەند زانیارییەكی دیكەی نوێ لەم راپۆرتەدا.
ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەڵێن دەدات، لەسەر بەردەوامبوون لە بڵاوكردنەوەی داتا و زانیاریی وردبینیكراو و پشتڕاستكراو لەلایەنی سێیەمی سەربەخۆ سەبارەت بە داهات و خەرجی و پرۆسە جیاجیاكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بە ئامانجی بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
بۆ زانیاری و ئاسانكاریی تێگەیشتن لە بڕگەكانی راپۆرتی دیلۆیت لێرە کلیک بکەن.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com