نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە دوای سوێند خواردنی یوسف محەمەد، وەک پەرلەمانتاری عێراق، پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاسایییەوە.
دوای ئەوەی بزووتنەوەی گٶڕان بڕیاری کشانەوەی لە حکومەتی هەرێم دا، د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی پەرلەمان کرد، بەڵام تائێستا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە قبوڵ نەکراوە و جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەشوێنی ئەو کۆبوونەوەکانی بەڕێوەدەبات، ئەمە لەکاتێکدایە یوسف محمەد، یەکێکە لە براوەکانی هەڵبژاردنی 12 ئایاری پەرلەمانی عێراق.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەردان خدر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند “ئەگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق پەسەندبکرێت و خولی نوێی پەرلەمان دەستبەکار بێت، لەدوای سوێندخواردنی یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وەک پەرلەمانتاری عێراق، راستەوخۆ بە بێ قبوڵکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بە موستەقیر دادەنرێت و پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاسایییەوە”.
مەردان خدر ڕوونیشیکردەوە و گوتی “بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، هەر کاتێک پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەتاڵ بێت، پێویستە پەرلەمان لەیەکەم دانیشتیدا لەدوای چۆڵکردنەکە، ئەو پۆستە پڕبکاتەوە، پڕکردنەوەکەش پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، تائێستا ئەو لایەنانەی، کە مافی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەبووە ئامادە نەبوون پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پڕبکەنەوە.