نوچەنێت
وەزارەتی پێشمەرگە و کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر، کۆنفرانسێکی هاوبەشیان لەبارەی چاکسازی لە وەزارەتەکەوە ئەنجامدا و 31 ئەفسەری پێشمەرگە دوای مەشق و راهێنان خەڵاتکران کونسوڵی بەریتانیاش دەڵێت “پێویستە پێشمەرگە خاوەن چەکی زیاتر بێت”.
مارتن وار، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند “داوامان لێکراوە پشتگیری لە چاکسازی بۆ پێشمەرگە بکەین، دەمانەوێت پێشمەرگە یەکگرتوو بێت و تواناکانیشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان زیاتر بێت”.
کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند “لە کوردستان داوا لە بەریتانیا کراوە پشتگیری چاکسازی پێشمەرگە بکات، کە سەرۆک پێیوایە گرنگی زۆری بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە.
مارتن وار دەشڵێت “هەموو شتێک پێمان دەڵێت، کە پێویستە پێشمەرگە یەکگرتووتر و پرۆفێشناڵتر و خاوەن چەکی زیاتر بێت، تاوەکو رووبەڕووی هەڕەشەکانی سەر ئاسایش ببێتەوە. پێویستە بەرپرسیارییەتی زیاتر هەڵبگرێت و هەلومەرجی باشتر بڕەخسێنێت”. گوتیشی “بەریتانیا و دڵنیام ئەمریکا و ئەڵمانیاش بەخۆشحاڵییەوە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەمە کاریان کردووە”.
هەوەها کەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە دوای بەڕێوەچوونی مەراسیمی دەرچوونی 31 ئەفسەرەکە، رایگەیاند “هەنگاوی کردەیی بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو هێزی یەکەکانی 70 و 80 بەڕێوەیە و، پرۆگرامی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێكردووە”.
وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند “هیوادارین بەریتانیا لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوامبێت. پێشمەرگە لەبری جیهان شەڕی داعشی کرد و بەردەوامدەبین لە شەڕی تیرۆر”.
لەبارەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، شنگالی رایگەیاند “پرۆگرامی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێكردووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو تواناکانی بۆ سەرخستنی پرۆگرامی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە پێشکەشدەکات و، حکومەت پرۆگرامی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ستراتیژی دەزانێت”.
کەریم شنگالی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا “پرۆگرامی چاکسازی کارێكی ئاسان نییە و کاتی دەوێت. ئێمە سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەردەگرین بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەو پرۆگرامە هێزەکانی پێشمەرگە یەکدەخەین”.