نوێنەری پەیەدە: رێککەوتنمان نەکردووە

0

نوچەنێت: تایبەت

 نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا (پەیەدە) لە باشوی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەردانی شاندمان بۆ دیمشق بۆ ئەوە بووە، کە زەمینەیەک بڕەخسێندرێت بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن. دەشڵێت “رێککەوتن نەکراوە و تەنیا هەوڵدانە بۆ دەستپێکردنی دانوستان”.

 رۆژى پێنجشەممە 26-7-2018، شاندێکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) سەردانى دیمەشق (شام) کرد و لە چاوپێکەوتنەکاندا بڕیار لەسەر دروستکردنی کۆمیتەیەکى هاوبەش دراوە. چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، پەکەکە و پەیەدە، رەچاوی ئەو هەموو قوربانییەی، کە دراوە و ئەو هەموو بەرنامە و نەخشەڕێگایەی، کە پێشتر لە رۆژئاوای کوردستان باسیان لێوە دەکرد نەکردووە و پێچەوانەکەیان ئەنجام داوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی لەباری گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا رایگەیاند: ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک بە بانگهێشتێکی فەرمی لە لایەن حکومەتی سوریاوە سەردانی دیمشقی کرد، بەمەبەستی ئەوەی زەمینەیەک بڕەخسێندرێت بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن. لەو چوارچێوەیەدا هەم تێگەیشتن لە حکومەتی سوریا و هەم ئامادەکردن بۆ  پێڤاژۆی دانوستان، وەک دوو لایەن، کە رێککەوتن بکەن.

سلێمان عەرەب دەڵێت، ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان شەڕی حکومەتمان نەکرد بەڵکو شەڕی تیرۆرمان کردووە بۆ پاراستنی یەکبوون و گەلی سوریا، بۆ چارەسەری سیاسی لە ناو سوریادا؛ بۆیە دەتوانین لە گەڵ حکومەت بگەینە رێککەوتنی چارەسەری سیاسی. 

نوێنەری پەیەدە لە هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، کە پێشتر گوتوومانە ئامادەی دانوستانین و ئێستاش دەڵێن ئامادەین؛ لەسەر ئەو بنەمایە، شاندەمان سەردانی دیمشقی کردووە. بەڵام رێککەوتن نەکراوە و تەنیا هەوڵدانە بۆ دەستپێکردنی دانوستان.

لەبارەی ناوەڕۆکی دانوستانەکانەوە سلێمان عەرەب گوتی “دانوستانەکانیش لەبواری خزمەتگوزاری، پەروەردە و پاراستن و سیاسی بەگشتی، هەروەها دابین کردنی مافی هەموو سورییەکی تێدا هەبێ، بەتایبەت مافی گەلی کورد لەو وڵاتەدا.  هەروەها شەر ئیتر راوەستێت و ئارامی سەقامگیری بەرقەرار بێت”.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com