نوچەنێت: تایبەت
بهڕێوهبهرى پهیوهندییهكان و پێكهوهژیانی ئایینی وهزارهتى ئهوقافى هەرێم رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو ئامارانەی، کە دەستمان کەوتوون 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە، چوونەتە ناو داعشەوە.
دوای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق، لەژێر کاریگەری فکری توندڕەوی ژمارەیەک گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە بەیوندییان بە گروپی تیرۆرستی داعش کرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەریوان نەقشبەندی، بهڕێوهبهرى پهیوهندییهكان و پێكهوهژیانی ئایینی وهزارهتى ئهوقافى حکومەتی ههرێم، رایگەیاند “بەپێی ئەو ئامارانەی، کە دەستمان کەوتوون، لە ساڵانی 2013 – 2014 و تاکو ناوەڕاستی ساڵی 2015، 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە، چوونەتە ناو گروپی تیرۆرستی داعش، ئەو ئامارانە ئاماری فەرمی نین، بەڵکو ئامارێکی نافەرمین و لەسەرچاوەی جیاجیاوە دەستکەوتوون”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، لە رێگەی هێزە ئەمنیەکان، ناوەندەکانی ئەوقافی هەرێم و کومەڵایەتییەوە، زانیارییەکانی کۆکردووەتەوە، کاتێک وەک بەرپرسێکی حکومی لە لیژنەیەکی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی فکری توندڕەوی کاری کردووە، بۆ بەدیکۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
مەریوان نەقشبەندی گوتیشی “لەو ژمارەی چوونەتە ناو داعش زۆربەیان كوژراون، کە ژمارەیان لەنێوان 300 بۆ 330 کەس دەبێت، به شێكیشیان خۆیان رادهستى هێزه ئهمنییهكان كردۆتەوە و نزیکەی 30 کەسیان هیچ زانیارییەکیان لەسەرنیە ئایا لەناو داعش ماون یان چوون بۆ وڵاتێکی دیکە”.
نەقشبەندی ڕوونیشیکردەوە، ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ناو داعش لە 95% یان، تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 25 ساڵیدا بووە.