نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک حیزبەکەی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە و دەشڵێت “دواخستنی سومعەی هەرێم لەکەدار دەکات”.
بڕیارە لەڕۆژی 30-9-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بۆئەو مەبەستەش سەرجەم لیست و هاوپەیمانێتییەکان لیستی کاندیدەکانیان، ڕادەستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەردان خدر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ریگەیاند “پارتی بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت و لەگەڵ هیچ دواخستنێکدا نییە، هیچ پاساوێکیش بۆ دواخستنی نابینین، بەڵکو پاساوی زۆر بەهێز هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت”.
مەردان خدر ئاماژە بەوە دەکات، کە دواخستنی هەڵبژاردن، سومعەی هەرێمی کوردستان لەڕووی دیمکراسییەوە لەکەدار دەکات. گوتیشی “ئەو حیزبانەی لە حکومەت کشاونەتەوە پۆستەکانیان بەوەکالەت پڕکراوەتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ دەربازبوونی حکومەتی هەرێم، لەو کەموکورتیانەی کە هەیە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا”.
سەبارەت بەوەی ئایا هیچ لایەنێکی سیاسی داوای لە پارتی کردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، مەردان خدر گوتی “ئاگاداری ئەوە نیم، کە دواکرابێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بۆیە ناتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە دواکراوە یاخود نا”.