نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، دەنگی هیچ حیزبێکی هەرێمی کوردستان، بە جێگیری نامێتەوە و دەنگی هەموو حیزبەکان کەمدەکات.
لەخولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی 24 کورسی بوو، بەپێی لیستەکەی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە 30-9-2018 ئەنجامبدرێت (عەلی حەمە ساڵح) کراوە بە سەرۆک لیستی ئەو حزبە و ژمارەی کاندیدەکانیش 100 کاندیدن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە پێشبینی حیزبەکەی بۆ ژمارەی کورسییەکانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “هەرچەندە من گومانم هەیە لەوەی هەڵبژاردنێکی پاک لە هەرێمی کوردستان بکرێت، تاکو یەکێتی و پارتی مابن، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەرد بکرێت، گۆڕان دەنگی باش بەدەستدەهێنێت، بەڵام ناتوانم بە دیاری کراوی پێشبینی ژمارەی کوردسییەکان بکەم”.
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی گۆڕان پێیوایە، کە دەنگی هیچ حیزبێکی هەرێمی کوردستان، بە جێگیری نامێتەوە و دەنگی هەموو حیزبەکان کەمدەکات، دەشڵێت “بەشێک لە دەنگی لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەڕوات بۆ حزبە نوێیەکان، کە لە دەنگی ئێمەش دەبەن”.