نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەو قافی هەرێم رایدگەیەنێت، تاکو ئێستا 1500 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج ڕەوانەی سعودیا کراون.
ئەمساڵ پێنج هەزار و 469 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەچنە سعودیە، کە لەو ژمارەیە 600 بۆ 700 کەسیان بەشێوەی بازرگانییە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەو قاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم، لەبارەی بەڕیکردنی ئەو هاونیشتمانیانە، رایگەیاند “تا ئێستا 1500 کەس لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، لە رێگای هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە، رەوانەی وڵاتی عەرەبستانی سعودیە کراون، بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج”.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 376 هاونیشتمانی لە پارێزگای هەولێر و دهۆکەوە بەڕێ دەکرێن، رۆژی دوو شەممە 376 حاجی دیکە لە سلێمانییەوە بەڕێ دەکرێن.
نەبەز ئیسماعیل گوتیشی “هەر هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان، کە بەڕێ دەکرێت، پشکنینی ووردی بۆ دەکرێت. هەروەها دوو دەرزی تایبەتیان بۆ دەکرێت، بەمەبستی دڵنیابوون لە تەندروستییان، ئەگەر کەسێک حاڵەتەکەی بەو شێوەیە بێت، کە بۆ سەفەرکردن گونجاو نەبێت، رێگای پێنادرێت بڕوات، بەڵام تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە رووی نەداوە”.