نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانەکانی عێراق، حوسییەکانی یەمەن و ئەو دۆخەش لە سعودیە هەیە، وەڵامی ئێرانە بۆ رۆژئاوا، کە ئەگەر رێگریم لێبکەن منیش توانای رێگریم هەیە. دەشڵێت “لە عێراق زەمینەی ئەوە هەیە ئێران دەستوەردان بکات.
خۆپیشاندانەکانی عێراق نزیکەی سێ هەفتەیە بەردەوامە و تا ئێستا رۆڵی ئەمریکا بەرچاو نییە و خۆپیشاندان فراوانتر بووە، لەم فەراغە یاساییەی، دروست بووە، کێشەکانی زیاتر ئاڵۆز کردووە و شارەزایان پێیانوایە بەجۆریک ەجۆرەکان ئێران دەستوەردان دەکات، لە بەرژەوەندی خۆی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسن عوسمان، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، رایگەیاند: دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆی لەسەر ئێران دانا، وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا ئەوەبوو، مادام نەوتەکەی ناچێ بۆ ئەوروپا، ئاڵۆزی بۆ وڵاتانی دیکەی فرۆشیاری نەوت دروست دەکات. گوتیشی “خۆپیشاندانەکانی عێراق، حوسییەکانی یەمەن و ئەو دۆخەش لە سعودیە هەیە، وەڵامێکە بۆ رۆژئاوا، کە ئەگەر رێگریم لێبکەن منیش توانای رێگریم هەیە”.
موحسن عوسمان دەڵێت، خۆپیشاندانی عێراق لە ئێستا حکومەت، پەرلەمان و سەرۆککۆماریش، کە ماوەکەی زۆری نەماوە کۆتایی پێ بێت، لەم دۆخە خۆپیشاندەران داخوازیەکانیان ئاراستەی کێ دەکەن، لە کاتێکدا کەس لە دەسەڵات نییە و پەرلەمان نییە تا لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەربکات. بۆیە کەس ناتوانێ بڕیار دەربکات و دەستێوەردانی ئێرانە لەم قۆناغە زیاتر دەبێ.
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رای وایە، کە ئەو وڵاتانەی، کە حکومەتی ئیسلامی تێدا باڵادەستە لە ئەزمەدان و کێشەیان هەیە و بەرانبەر بە جوڵانەوەی لیبراڵیزم و کرانەوە. هەورها لە عێراق زەمینەی ئەوە هەیە ئێران دەستوەردان بکات.
لەبارەی دژایەتییەکانی رێبەری رەوتی سەدرەوە موحسن عوسمان گوتی “موقتەدا سەدر ناتوانێ تاسەر دژی ئێران بووستێتەوە و ئەو هێزەی نییە ئێران بکاتە ئامانج و ئەو ئێستا تەنیا یارییەک دەکات، چوونکە ئێران زۆر بەهێز، لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، کە گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە زۆر خێرایە و وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا، وەک بینەرەێک نابن و خۆپیشاندەران دەڵێن “حکومەت شکستی خواردووە و دروشمی بەرەی علمانی بەرچاوترە”، ئەمریکا تا ئێستا وەک بینەر بووە و نەهاتووەتە سەرخەت، بەڵام بڕواناکەم هەروا بمێنێتەوە، چوونکە ئەگەر بەردەوام بێ لە بەرژەوەندی ئێراندا.